سیهاد بارزانی: پێشمەرگەکان ئازادن دەنگ بە کێ دەدەن

فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک ڕایگەیاند "ئاسانکارییەکی زۆر بۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کراوە و پێشمەرگەکانیش ئازادن دەنگ بە کامە لایەنی سیاسی و کاندید دەدەن."
سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، لە بنکەیەکی دەنگدانی شاری هەولێر دەنگی دا و لە لێدوانێکدا بە ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "داوا لە برا پێشمەرگەکانم دەکەم، بە شێوەیەکی ئارام و ڕێکوپێک بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگی ئەسڵیی کوردایەتیی خۆیان بدەن و پیشانی جیهانی بدەن کە پرۆسەیەکی دیموکراسی بووە."
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک ئاماژەی بەوەش کرد "هەر ئەندامێکی هێزەکانی پێشـمەرگە ئازادە دەنگ بە کێ و کامە لایەنی سیاسیی دەدات." گوتیشی "ئاسانکارییەکی زۆر بۆ پرۆسەی دەنگدان کراوە."
لەبارەی دەنگدانی گشتیش کە بڕیارە دووسبەی یەکشەممە، 20-10-2024، دەست پێ بکات، سیهاد بارزانی داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد "بە ڕۆحییەتەکی گەرمەوە بچنە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن و دەنگ بە حەق بدەن."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.