لیوای سێی پیادەی پێشمەرگە لە گەرمیان: تاوەکوو ئێستا هیچ پێشێلکارییەک نەکراوە

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند "لە گەرمیان 4261 کەس مافی دەنگدانیان لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا هەیە، کە لەکفری 666 دەنگدەری تایبەت هەیە و هەروەها چوار بنکەی دەنگدان لە شاری کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و بنکەیەکی دەنگدانیش لە قەزای کفری هەیە."
لیوا دلێر، فەرماندەی سێی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پرۆسەکە زۆر بە هێمنی بەڕێوە دەچێت، هەروەها کاتژمێر 7ـی بەیانی سندوقەکانی دەنگدان لەبنکەی شەهیدانی کوڵەجۆ بە ڕووی هێزەکانی لیوای سێ کە لیوائەکی هاوبەشە، کرایەوە."
گوتیشی: "پرۆسەکە زۆر بە هێمنی و ڕێکخراو بەڕێوە دەچێت، تاوەکو ئێستا هیچ پێشێلکارییەک نەکراوە. ئەمساڵ بنکەکە بۆ لیوای سێ بە تایبەتی کراوەتەوە، بەڵام پێشتر هێزی دیکەش لەگەڵ لیوای سێ دەنگیان دەدا، کە ئەمەش دەبووە هۆی قەرەباڵغی."
ئاماژەی بەوەش کرد "ژمارەیەکی کەممان کێشەی پەنجەمۆریان هەبوو، بەڵام کۆمیسیۆن چارەیان دەکات کە ڕێژەیەکیان دیاری کردووە بە "تەخەتی"، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەکە باش بەڕێوە دەچێت و نزیکەی لەسەدا 50 دەنگیان داوە."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و 12 بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:
بازنەی هەولێر: 62 بنکە
بازنەی سلێمانی: 57 بنکە
بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە
بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە
نەینەوا: چوار بنکە
بەغدا: سێ بنکە
کەرکووک: یەک بنکە
ئەنبار: یەک بنکە
سەڵاحەددین: یەک بنکە
دیالە: یەک بنکە
واست: یەک بنکە
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.