نوێنەری لایەنێکی سیاسی لە هەڵەبجە: دەنگدەر هەیە بەچەکەوە هاتووە بۆ دەنگدان

نوێنەری لایەنێکی سیاسی لە هەڵەبجە دەڵێت: "هەرچی پێشێلکاریی هەیە لەو پرۆسەی دەنگدانی تایبەتەدا لە هەڵەبجە دەکرێت؛ خەڵکمان بینیووە بە چەکەوە هاتووەتە دەنگدان."
محەممەد جەلال، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پرۆسەکە زۆر بە ئاقارێکی خراپدا دەچێت کە هەرچی پێشێلکاریی هەیە لەو پرۆسەیە دەکرێت، واتە ئەگەر 100 کەس دەنگی دابێت 95ـی وێنە و ڤیدیۆی فۆرمی دەنگدانەکەی گرتووە."
ئاماژەی بەوەش کرد "هەندێک لەو دەنگدەرانەمان دواندووە بە ئاشکرا دەڵێن: "بەزۆر پێمان دەکەن، من نانم لەسەر ئەوەیە گوتویانە ئەگەر نەیکەی دوور دەخرێیەوە!" ئەوە لێدوانی ئەو کەسانەیە کە لەبنکەکە دەنگیان دەدا."
گوتیشی: "کۆمیسیۆن زۆر خەمساردانە بەدەم پرۆسەکەوە دێن، کە بەچاوی خۆیان دەبینین مۆبایلەکەیان دەردەهێنن، تەنیا دەڵێن مۆبایلەکە لابە، هیچ ڕێکارێکیان بەرانبەر ناگرنە بەر، لەوکاتەش دەنگدەرەکە گوێی لێ ناگرێت و لەبەردەم نوێنەری لایەنە سیاسیەکان وێنەی فۆرمەکەی دەگرێت."
محەممەد، باسی لە پیشێلکارییەکی دیکەش کرد و گوتی: "خەڵکمان بینیووە بە چەکەوە هاتووەتە دەنگدان، هەروەها هەبووە پلەی نەقیب و عەقید بووە هاتووە وێنەی فۆرمەکەی گرتووە." دەشڵێت: "کاتیان داناوە بۆ دەنگدانی هێزەکان دەبێت بەگوێرەی کاتەکە هێزەکان بچن دەنگ بدەن."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.