مەروان محەممەد: تەنیا دوو سکاڵا هەیە

بەرپرسی نوسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند "تا ئێستە دوو سکاڵا هەیە و هیچ گرفتێکیش نەبووە کە شایەنی ئەوە بێت باس بکرێت"
ئەمڕۆ هەینی18ـی ئۆکتۆبەری 2024، مەروان محەممەد، بەرپرسی نوسینگەی هەولێر، لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کاتژمیر 7:00بەیانییەوە، بنکەکانی دەنگدانمان بەڕووی دەنگدەراندا کردەوە و دەنگدان دەستی پێ کردووە، پرۆسەکە سەرکەوتوو بووە، هەروەها لەکۆتاییشدا ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئامێرەکاندا دەکەین."
بەرپرسی نووسینگەی هەولێر دەڵێت: "هەر کێشەیەکی تەکنیکی هەبوو بێت دەستبەجێ چارەکراوە، تا ئێستەش هیچ گرفتێک نەبووە کە شایەنی ئەوە بێت باس بکرێت، لەگەڵ ئەوەش دا، تاکوو ئێستەش تەنیا دوو سکاڵا هەیە."
دەشڵیت: "بەپێی ڕاپۆرتەکانمان لە چوارچێوەی ئەو خشتە و بەرنامەی کە دامانناوە، بەیانی، نیوەڕۆ و ئێوارە کاتی داخستن، ئامێرەکان ڕاپۆرتمان پێ دەدەن؛ بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئێستە ڕێژەی بەشداربوون 70%یە".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا "هیچ وادەیەکی دەنگدان درێژ نابێتەوە، چونکە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە ئامێرەکان خۆیان ئۆتۆماتیکی دادەخرێن و کەس ناتوانێت دەنگ بدات وپرۆسەی دەنگدان کۆتایی پێ دێت؛ دوای ئەوە ڕاستەوخۆ دەست دەکەین بە ژماردن و لێک جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئامێرەکە خۆی ئۆتۆماتیکی دەست دەکات بە ژماردن و لێک جیاکردنەوەی دەنگەکان و پاشان ڕاپۆرتەکە دەردەهێنێت وێنەیەکی دەدرێت بە لایەنی سیاسی و وێنەیەکیش هەڵدەواسرێت لە وێستگەکە، دواتر دەست دەکرێت بە ژماردن و لێک جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست."
مەروان محەممەد، ڕاشیگەیاند "ئەگەر جیاوازی هەبوو لە کاغەزی دەنگدان، ئەو کاتەی جیا دەکرێتەوە بەو مەرجەی ڕێژەکەی 5% زیاتر بوو، ئەوا قردێلەی سووری لێ دەدرێت و دەینێرین بۆ سەنتەری وردبینیی، لەوێ دووبارە پێداچوونەوە بۆ ئامێر و کاغەزەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین گرفتەکە لەکوێیە."