رووماڵ

مامۆستا مەهدی: هیچ دەنگدەرێک مۆبایلی نەبردووەتە ژووری دەنگدان

ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت.

مامۆستا مەهدی، نوێنەری پارتی لە بنکەی کەرنەڤاڵ لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کۆی 7 وێستگە، 2109 دەنگدەرمان هەبوو، 1892 دەنگدەر تاوەکو کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ دەنگیان داوە، گوتیشی: پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت کە سەدا 90ـی دەنگدەرانی ئەو بنکەیە دەنگیان داوە."

ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوانەی پەنجەمۆریان نەیخوێندۆتەوە یان ڕێگەیان دوورە، لەو کاتەی کە ماوە دەنگ دەدەن و پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی دەکرێت."

جەختیشی کردەوە "هیج سەرنجێکمان لەسەر پرۆسەکە نییە لەو بنکەیە، هەروەها هیچ دەنگدەرێک مۆبایلی نەبردووەتە ژووری دەنگدان."

لەلایەکی دیکەوە شاخەوان سەباح، چاودێری نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد "ئێمە وەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تیممان لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، خانەقین، هەڵەبجە و بەغدا هەیە، تاوەکوو ئێستە هیچ پێشێلکارییەک لە هەولێر ڕووی نەداوە، لەسلێمانی و هەڵەبجەش ئێوارە ڕاپۆرتەکانمان دەردەچێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێوارە وەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەمان دەبێت و دواتر ڕاپۆرتیشمان دەبێت لەسەر ڕووداوەکانی هەڵەبجە."