سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە هەڵەبجە: سکاڵامان لەسەر یەکێتی تۆمار کرد
سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەتدا پێشێلکارییەکی زۆر لەلایەن لایەنێکی سیاسی تۆمار کرا، چەندین سکاڵامان تۆمار کردووە و ئیمزا لەسەر ئەنجامی دەنگەکان ناکەین و سەرجەمی ڕەت دەکەینەوە.
هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاوە عەلی کەریم، سەرۆکی لیستی یەکگرتووە لە هەڵەبجە، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژانەمەوانیدا، ئاماژەی بەوە دا: ئەم پێشێلکارییانەی کە ئەمڕۆ کراوە، سکاڵامان لەسەریان تۆمار کردووە، سوپاسی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە سەرەڕای فشارەکان توانیویانە ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن.
سەرۆکی لیستی یەکگرتووە لە هەڵەبجە، دەڵێت: نیگەرانی خۆمان دەربڕین بەرانبەر بەو پێشیلکارییانەی کە ئەمڕۆ پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆمیسییۆن بوون لە هەڵەبجە تۆمار کران، ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە و گەیاندوومانەتە کۆمیسیۆن.
جەختی لەوەش کردەوە، سکاڵایان لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵەبجەش تۆمار کردووە کە نەیتوانیوە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت. هاوکات گوتیشی: سکاڵامان لەسەر یەکێتی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە تۆمار کردووە، کە نەیانتوانی پارێزگاری لە شەفافبوونی پرۆسەکە بکەن.
لەبارەی ئەو پێشیێلکارییەی کە بەرانبەر بە چاودێرێکی یەکگرتووە لە بنکەیەکی دەنگدانی هەڵەبجە کرا، کاوە عەلی کەریم، گوتی: ئەو پێشێلکارییەی کە بەرانبەر بە نوێنەرەکەمان کرا هەڵوێستێکی نا بەرپرسانە بوو، سکاڵامان تۆمار کردووە.
گوتیشی: پرۆسەی دەنگدانەکە تاوەکوو ئێستا بەو شێوازە بەردەوامە، ئێمە ئیمزا لەسەر ئەنجامەکان ناکەین و سەرجەم لایەنەکان جگە لە یەکێتی ئیمزا لەسەر ئەنجامەکە ناکەن.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، بەداخەوە بێڕێزی کرا هەم بەرانبەر پارێزگای هەڵەبجە، هەم بەرانبەر بە دەنگدەران کە لەژێر فشار مۆبایلیان پێ برایە ژوورەوە.
کاتژمێر 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ رد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە بازنەی هەولێر بۆ دەنگدانی تایبەت ( 48 ) بنكەى دەنگدان دیاریکراوە و لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش 14 بنكە، ( 82 هەزار و 470 ) دهنگدەر بایۆمەتری کردووە و ( 82 هەزار و 88 ) دەنگدەر کارتی بایۆمەترى وەرگرتۆتەوە و دەنگ دەدەن.
هەروەها رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.