رووماڵ

دەنگدان کۆتایی هات

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ئەو شارانەی عێراق کە بنکەی دەنگدانیان تێدا کرابووەوە، کۆتایی هات.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە حەوتی بەیانییەوە دەست پێدەکات و لە کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی دێت و بە گوێرەی سیسمی دەنگدان، دەبێت لە کاتژمێر شەش تەواوی ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە کارکردن، بووەست و ڕاپۆرتی کۆتایی دەنگدان چاپ بکەن. بڕیارە ڕاستەوخۆ دەست بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان بکرێت.

کاتژمێر 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ رد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە بازنەی هەولێر بۆ دەنگدانی تایبەت ( 48 ) بنكەى دەنگدان دیاریکراوە و لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش 14 بنكە، ( 82 هەزار و 470 ) ده‌نگدەر بایۆمەتری کردووە و ( 82 هەزار و 88 ) دەنگدەر کارتی بایۆمەترى وەرگرتۆتەوە و دەنگ دەدەن.

هەروەها رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.