وەزیری کارەبا داوا دەکات  پرۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری خێرا بکرێت

کەمال محەمەد ساڵح ،وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کەمال محەمەد ساڵح ،وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بەسەر دەکاتەوە و داوا دەکات هەنگاوەکانی پێشخستن و فراوانکردنی ئەو پرۆژەیە خێرا بکرێن.

چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، کەمال محەمەد ساڵح ،وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەشی فرۆشیاری وزەی کارەبای 1ی لە هەولێر کرد و پڕۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری بەسەرکردەوە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە "وەزیری کارەبا دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەچوونی کارەکان کرد و ئومێدی خواست هەنگاوەکان بۆ پێشخستن و فراوانکردنی پرۆژەکە خێراتر بکرێن و ڕۆتینەکان کەم بکرێنەوە، بۆ ئەوەش وەزیری کارەبا  ئامادەیی هەموو کارئاسانییەکی بۆ راپەراندنی کارەکانیان دەربڕی." 

وەزیری کارەبا  لە وردەکاریی سیستەمەکە و کارەکانی پرسییەوە، کە بە شێوازێکی باش بەڕێوە دەچێت و سوپاسی تیمی وەزارەتی کرد و هیوای خواست هەنگاوەکان خێراتر بکرێن.

 وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە "ئەزموونی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری تا ئێستا بە باشی بەڕێوە چووە و پێشوازییەکی باشی لێ کراوە و  ژمارەیەکی زۆری موەلیدە کوژاونەتەوە."

بەپێی بڕیارێکی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کارەبای ھەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری و یەکەم جاریش ئەم بڕیارە لە گەڕەکی شادی له‌ شاری ھەولێر چووە بواری جێبەجێکرنەوە، ئێستا کارەبای گەڕەکی نازنازیش لە هەولێر، بووەتە 24 کاتژمێری.

دوای نیوەڕۆی پێنجشەممەی، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، ئامانج لە پرۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

هەر ئەو کات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "جگە لە گەڕەکی شادی، کە وەکوو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناغی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناغی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، بۆ ڕۆژی دواتر (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".