رووماڵ

وەزیری بەرگریی تورکیا پەکەکە بە هێرشەکەی ئەنقەرە تۆمەتبار دەکات

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا

وەزیری بەرگریی تورکیا، پەکەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی ئەنقەرە بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو هێرشە چەکدارییەی کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە و بە هۆیەوە 18 قوربانیی لێکەوتەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

یەشار گولەر، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە "جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر TUSAŞ و هەوڵ درا ئارامیی وڵاتمان تێک بدەن. هەموو جارێک سزای پەکەکەمان داوە، بەڵام هەرگیز بە هۆش خۆیان نایەنەوە. وەک هەموو جارێک دووبارەی دەکەمەوە، تا دوا تیرۆریست لەناو دەچێت، دەست لە ڕاوەدوونانی ئەوان هەڵناگرین. ئازارێکی هاوشێوەی زۆر بەتینیان پێ دەچێژین. گومانتان لەوە نەبێت هەمووتان ئەوە بە چاوی خۆتان دەبینن."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی چەکداری کرایە  سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.

مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. بەهۆی هێرشەکەوە 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکە بریندار بوون."