بەشێک لە سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەنقەرە دەکەن
بەشێک لە سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە دەکەن و ڕایدەگەینن، لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانیان دەوستن و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.
مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکە بریندار بوون."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی ئەنقەرە دەكەم. سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییەكان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان دەخوازم.
دەشڵێت: بە تەواوی پاڵپشتی لە گەل و حكوومەتی توركیا دەكەین دژ بە تیرۆریزم.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( توویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەم و پرسەی و سەرەخۆشی خۆمم گەیاندە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەنقەرە دەکات و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکی تیرۆر و توندوتیژی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتان ڕەت دەکەینەوە
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، عێراق پاڵپشتی لە گەل و حکوومەتی تورکیا دەکات.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، گوتی: بیرمان لای قوربانییانی هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرەیە و نزا بۆ قوربانییان و کەسوکاریان و خەڵكی تورکیا دەکەین.
باسی لەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا هەر وەك ڕایانگەیاند وەك هێرشێکی تیرۆرستی لێکۆڵینەوە لە کردەوەکە دەکەن. گوتیشی: لە کاتێکدا نازانین کێ لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەیە و هاندەرەکەی چییە، بە سەختی ئەو کردەوە توندوتیژە سەرکۆنە دەکەین.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی دەوەستێت و بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەمڕۆ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، هاوخەمی بنەماڵەی ئەو کەسانەم کە بەهۆی هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
لەلایەکی دیکەوە، ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، گوتی: بە بینی ڕاپۆرتی کوژراو و بریندارانی ئەنقەرە تووشی شۆک بووم و بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆستییەکە دەکەین.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ تورکیا هاوبەشمان دەوەستینەوە و سەرەخۆشیان لێ دەکەم.
لای خۆیەوە مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، ئاماری کوژراو بریندارانی ئەنقەرە جێگەی نیگەرانییە و سەرکۆنەی تیرۆر بە هەموو شێوەیەک دەکەین.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ناتۆ هاوخەمی تورکیای هاوپەیمانی دەبێت و لەگەڵی دەوەستێتەوە لە هەر بارودۆخێکی ناهەموار. گوتیشی: لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین.
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هێرشەکەی ئەنقەرەی سەرکۆنە کرد هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی لەگەڵ تورکیا و گەلی تورکیا لە دژی تیرۆر دەربڕی.
ناوبراو گوتی: پاڵپشتی لە تورکیا و گەلی تورکیا دەکەین، هەروەها ئێمە هاوبەشی ئازاری کەسوکاری ئەو کەسانەین کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشییان لێ دەکەین.