رووماڵ

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەنقەرە دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەم و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم.

چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( توویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەم و پرسە و سەرەخۆشی خۆمم گەیاندە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی چەکداری کرایە  سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.

مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. بەهۆی هێرشەکەوە 5 کەس کوژران و 22کەسی دیکە بریندار بوون."