بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق: 208 هەزار دەنگی پوچەڵ هەبووە

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستە 160 سکاڵا هەبووە، هەروەها کۆمیسیۆن بۆ یەکەمجار وێنە و کارتی دەنگدان دەداتەوە هەموو ئەو لایەنە سیاسیانە و بەربژێرە سەربەخۆکان و هاوپەیمانەکان، دەتوانن لە ئۆفیسەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی وەری بگرن و وردبینی و بەراوردی بۆ بکەن.
پێنجشەممە، 24ـی ئۆکتۆبەری 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "160 سکاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبووە".
نەبەرد عومەر پێی وایە هەڵبژاردنەکە "زۆر سەرکەوتوو بووە" و گوتی "ئەو قسانەی دەکرێت یاخود ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەیە، ڕاست نین چونکە ئێمە شەش هەزار و 318 وێستگەمان هەبووە لەو ژمارەیە تەنیا 26 وێستگە کێشەی هەبووە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی".
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەڵێت: "کارەکان زۆر بەشێوەیەکی سەرکەتووانە بەڕێوە چووە، تەنیا دەنگی پوچەڵ زۆرە، لە هەولێر 97 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە، لە سلێمانی 90 هەزار، لە دهۆکیش 18 هەزار دەنگی پوچەڵ هەیە".
دەشڵێت: "لە کوردستان بەشداری کردنی دەنگدان زیاتر بوو، بە بەراورد لەگەڵ 2021، ئەو ڕیژەی دەنگی پوچەڵەش تەواوە، لە 2021، تەنیا 197 هەزار دەنگی پوچەڵ هەبوو، بەڵام ئەمجارە 208 هەزار دەنگی پوچەڵ هەبووە، چونکە ڕێژەی بەشداربووان بۆ دەنگدان ئەمجارە زیادی کردووە".
نەبەرد عومەر راشیگەیاند، "کۆمیسیۆن بۆ یەکەمجار وێنە و کارتی دەنگدان دەداتەوە هەموو ئەو لایەنە سیاسی و بەربژێرە سەربەخۆکان و هاوپەیمانەکان، دەتوانن بێن لە ئۆفیسەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی وەری بگرن و وردبینی و بەراوردی بۆ بکەن".
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئامارە بەراییەکان:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 116,981 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710 دەنگ
بەرەی گەل: 33,365 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ