رووماڵ

کورسیی ئەو لایەنانەی بە نیازن بکشێنەوە چییان لێ دێت

یەکشەممە، 27ـی ئۆکتۆبەری 2024، د. ئارام نەجمەدین، شارەزای بواری هەڵبژاردن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە سیستەمێکمان هەیە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دایرشتووە، تایبەتە بە کورسیی لایەنە سیاسییەکان، بە گوێرەی ئەو سیستەمەیە کە دەگوترێ پارتی 41 کورسی و یەکێتیی 24 کورسییان بەردەکەوێت."

ئەو شارەزایە دەڵێت: "لە ئەگەری کشانەوەی هەر لایەنێکی سیاسیی، هەمان سیستەم جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر ئێستە کۆمەڵی دادگەری بکشێتەوە کە سێ کورسی هەیە، ئەو کورسییەی کە لە هەولێرە بۆ پارتی دەبێت."

گوتیشی: "پارتی لە هەولێر17کورسی بەرکەوتووە سێ کورسی ماوە نەیبردووە داویەتی بە لایەنەکانی دیکە، بەڵام کە ئیستە کۆمەڵ بکشێتەوە پارتی دەتوانێت کورسیی خۆی ببات، لە سلێمانیش بە هەمان شێوە ئەگەر کۆمەڵ بکشێتەوە، کورسییەکی بۆ پارتی دەبێت؛ کورسییەکەی دیکە بۆ لایەنی دووەم دەبێت کە یەکێتییە."

دەشڵێت: "ئەگەر بێتو کۆمەڵی دادگەری و بەرەی هەڵوێست بەیەکەوە بکشێنەوە کورسییەکانیان دەکاتە حەوت کورسی، بەهەردووکیان دوو کورسییان لە هەولێر هەیە، کورسییەک بۆ پارتی دەبێت و کورسیی بەرەی هەڵوێست، بۆ یەکگرتووی ئیسلامی دەبێت."

باسی لەوەش کرد "لە سلێمانی کورسییەکی کۆمەڵ بۆ پارتی دەبێت، کورسییەکی دیکەی بۆ یەکێتیی دەبێت، کورسی سێیەم و چوارەم ئەوەی لەدوای پارتی و یەکێتیی کورسییەک بۆ سەردەمە، یەکێکیش بۆ بەرەی گەلە."

ئارام نەجمەدین ڕاشیگەیاند "کورسیی هەڵوێست لە دهۆک، کام لایەن لە هەڵوێست نزیکە کورسییەکەی دەبات کە ئەویش یەکێتییە دەبات. واتە کۆی گشتیی کورسییەکان، پارتی 41 کورسی  بەر دەکەوێت، یەکێتیی 25 کورسی، یەکگرتوو دەبێتە 8 کورسی نەوەی نوێ وەکو خۆی دەمێنێتەوە 15 کورسی، بەرەی گەل دەبێتە سێ کورسی و سەردەمیش دەبێتە یەک کورسی و گۆڕانیش هەر یەک کورسییە، هاوپەیمانیش یەک کورسییە، کۆی گشتیی هەر هەمووشیان 95 کورسییە."