لە بەسرە کەسێکی بەناو ڕۆحانی دەستگیرکرا، قۆڵی زیاتر لە 150 ئافرەتی بڕیوە

دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە قۆڵی زیاتر لە 150 ئافرەتی بڕیوە
دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە قۆڵی زیاتر لە 150 ئافرەتی بڕیوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەسەر سکاڵای ژمارەیەک لە خەڵکی، تۆمەتبارێکیان لە شارۆچکەیەکی سنووری پارێزگای بەسرە دەستگیرکرد، کە خۆی بە پیاوی ئاینی و ڕۆحانی ناساندووە و قۆڵی زیاتر لە 150 ئافرەتانی بڕیوە.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، دوای تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆری سکاڵا لەلایەن خەڵکییەوە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بەناوی کەسایەتیی ئاینی و ڕۆحانییەت، قۆڵی زیاتر لە 150 ئافرەتی بڕیوە و پارەی لێسەندوون، هەروەها هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەشی لێکردوون.

دەزگاکە ڕاشیگەیاندووە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر لە شارۆچکەی زوبێر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی تۆمەتبارەکە و دەستگیرکریان کردووە، کە تۆمەتبارە بە ئەتککردنی زیاتر لە 150 ئافرەت، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دانیناوە بەوەی لە ژێر هەڕەشەدا 500 هەزار تاوەکوو یەک ملیۆن دیناری لە بەشێک لە قوربانییەکان سەندووە، تەنیا بۆ ئەوەی وێنەیان بڵاونەکاتەوە و ئابڕوویان نەبات.

دەزگاکە ئاماژەشیداوە، تۆمەتبارەکە ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدارکراوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی و دادگایی کردنی.