سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان ڕێککەوتن
چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە، ڕێککەوتنێکى ڕاگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنى دانیشتنێکی پەرلەمان لە ڕۆژی پێنجشەممەى داهاتوو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى نوێنەران.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "دوێنێ دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆبوونەوە" گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا هەموو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە بچێت."
مەهدی تەقی ئامرلی، سەرۆکی کوتلەی بەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاندبوو "ڕێککەوتنێکی سیاسی کراوە بۆ چارەکردنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێت."
ئامرلی، ئاماژەی بەوەش کردبوو "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران." گوتیشی: "کە هیچ هەموارکردنەوەیەک لە پەیڕەوی ناوخۆدا نییە، هەروەها ڕێککەوتن کراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە."
دوای 11 مانگ لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، چوارشەممەی ڕابردوو 23-10-2024، شەش هێزی سوننە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، دوو ڕێگایان بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاگەیاند.