مەسرور بارزانی: هەر هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە دەرفەتی یەکسانی بۆ بڕەخسێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پانێلی ئەمڕۆی دیداری مێریدا گوتی: گەنج و هەر هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە دەرفەتی یەکسانی بۆ بڕەخسێت.
سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: گەنج و هەر هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە دەرفەتی یەکسانی بۆ بڕەخسێت..
مەسرور بارزانی گوتی: ئەرکی حکوومەتە ئەو دەرفەتە یەکسانە بۆ گەنج و هاووڵاتییان بڕەخسێنێت، گوتیشی:حکوومەت ئامرازێکە بە دەستی ئەو کەسانەی حکوومەت بەڕێوە دەبەن، ئەو کەسانەش لەلایەن حزبەکانەوە هاتوون کە حکوومەت بەڕێوەدەبەن، کەواتە دەبێت ئەجێندایەکی یەکگرتوو ، هاوکات هاوبەش هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت، هەموو لایەکیش پێوەی پابەند بن، ناکرێ لایەنێک بەشدار بیت لە حکوومەت و لە هەمان کاتدا ڕێگر بێت و نەهێڵیت ئەجێندای حکوومەت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
مەسرور بارزانی گوتی: بۆ گەنجان بەرنامەیەک هەبووە بەناوی گەشانەوە، ئەو بەرنامەیە هانی گەنج دەدات بۆ ئەوەی هەر کەسێک و گەنجێک بیرۆیەکەیەکی هەبێت و داهێنانی هەبێت و بیەوێت بزنسێکی بچووک بۆ خۆی دابنێت، یاخود بزنسێکی هەیە و دەیەوێت فراوانی بکات، داوای زەمانەت و گرەنتی و پشتیوانی حکوومەت بکات، ئێمە ئەو پرۆژەیەمان دەستپێکردووە و سەرکەوتووش بووە وەکو پایڵت پرۆجێکت، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد و گوتی: 25 کۆمپانیا ماوەیەک پێشتر کە سەردانم کردن، ئەوان هاتوون باسی سەرکەوتنی ئەزموونی خۆیان دەکەن کە چۆن توانیویانە سوود لە پشتیوانییەکان و قەرزی حکوومەت وەربگرن و پرۆژەکانیان فراوان بکەن، هاوکات داهاتیان زیاد بکەن.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: کەواتە ئەو پرۆژانە زیاتر یارمەتی گەنج دەدات، لەجیاتی ئەوەی چاوی لە پۆستێکی فەرمی حکوومەت بێت، بیر لەوە بکاتەوە چۆن بتوانێت لە کەرتی تایبەت گەشە بکات.