مەسرور بارزانی: ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پانێلی خۆیدا لە دیداری مێری گوتی: ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو.
سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) گوتی: ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو.
مەسرور بارزانی گوتی: ڕاستییەک هەیە، دەبێت ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکرێت، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بوو کە خەڵکی کوردستان متمانەی بەکێ کردووە، هاوکات ئەو هەوڵە چەواشەکارییانە کە زۆر شتیان بە شێوەیەکی دیکە وێنا دەکرد، ئێستا بۆ خەڵک دەرکەوتووە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نەبووە و پێگەی نەبووە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە، خەڵکی کوردستان بەڕای خۆیان بەدەریان خست و ئاشکرایان کرد لەگەڵ چ جۆرە داهاتووێکن و چ پاشەڕۆژێکیان دەوێت، هەر لەم ڕوانگەوەش پارتی وەکو حزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە، ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ پەیامەکانی خۆی کە پەیامی ئاوەدانی و پێکەوە ژیان ، پەیامی ئارامی و خۆڕاگریی بووە.
سەرۆک وەزیران دەڵێت: ئەم پەیامانە هەڵقوڵاوی ناخی پارتین، ئەوە ئەم ڕێبازەیە کە پارتی لەسەری پەروەردە کراوە، پارتی کاری لەسەر کردووە، لەمەودواش لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە کە بیەوێت بەشدار بێت لە حکوومەت، هەوڵ دەدات وەڵامدەرەوەی ویست و خواستی خەڵک بێت کە ئەوان دەیانەوێت وڵاتێکی ئارامیان هەبێت، وڵاتێکی گەشەسەندوویان هەبێت، وڵاتێکیان هەبێت ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاو بنێت.
سەرۆک وەزیران گوتی: ئێمە دەتوانین ئەوەتان پێ بڵێین کە پارتی و ئێمە ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانمان و ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵکی کوردستان.