کۆرێلا بۆ هەماهەنگی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئێران دەگاتە ئیسرائیل

کۆبوونەوەی مایکل کۆرێلا لەگەڵ بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل (وێنە: AFP)
کۆبوونەوەی مایکل کۆرێلا لەگەڵ بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل (وێنە: AFP)

مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا و هەواڵگریی ئیسرائیل ئەگەرەکانی هەر هێرشێکی ئێران تاوتوێ دەکەن.

مێدکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆرێلا بە سەردانێک دەگاتە تەلئەڤیڤ و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری ئیسرائیل، سیناریۆ و ئەگەرەکانی وەڵامدانەوەی سەربازی ئێران لە دژی هێرشەکەی ئیسرائیل گفتۆگۆ دەکەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی و ئامادەکارییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئێران بکەن.

مێدکانی ئیسرائیل ئاماژەیانداوە، سەردانەکەی مایکل کۆرێلا لە چوارچێوەی ئامادەکارییە هاوبەشەکانە بۆ بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە پات ڕایدەر گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەدووری نازانێت ئێران دەستەوەستان بێت و وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل نەداتەوە، بەڵام بەم زووانە هیچ وەڵامێکی نابێت.

ڕاشیگەیاندووە، کە بەرگری ئەمەریکا لە نزیکەوە بە وردی چاودێری جموجوڵەکانی ئێران دەکات و پابەندیشە بە هەماهەنگی و بەرگریکردن لە ئیسرائیل.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا، مایکل کۆرێلا زیاتر لە 15 جارە سەردانی ئیسرائیل دەکات، بە تایبەت لە دوای هێرشەکانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، کە بووە هەڵگیرسانی شەڕێکی وێرانکار لە کەرتی غەززە و باشووری لوبنان. 

دوای ئەوەی لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسداران و سوپای فەرمی ئێران بە هەڵدانی 180 مووشەکی بالیسی هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل بەناوی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی هەر یەک لە ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا؛ ئیسرائیل 27ی ئەم مانگە وەک وەڵامدانەوەیەکی هێرشەکەی ئێران، بە فڕۆکە جەنگی هێرشی کردە سەر چەند ناوەندێکی سەربازی لە ناو خاکی ئێراندا.

 
 
Fly Erbil Advertisment