سەرۆک بارزانی: تاکی کورد ئەگەر دەرفەتی هەبێت، هیچی لە تاکی خەڵکی دیکە کەمتر نییە
سەرۆک بارزانی لە گوتاری کۆنگرەی پزیشکی میزۆپۆتامیا لە هەولێر گوتی: "گرنگیی ئەم کۆنگرەیە یەکجار زۆرە و هەبوونی ئەم هەموو پزیشک و زانایە سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد، هەروەها دەرخەری ئەوەیە، ئەگەر تاکی کورد دەرفەتی هەبێت، هیچی کەمتر نییە لە تاکی خەڵکی دیکە."
گوتیشی: "ئێمە کاتێک دەبیستین ڕۆڵەیەکی کورد لە وڵاتێکی دەرەوە، دکتۆرێکە و گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، ئێمە لێرەوە شانازی پێوە دەکەین و هەست بە سەربەرزییەکی گەورە دەکەین؛ خۆشبەختانە زۆر لەو ڕۆڵانە ئێستا لێرە دانیشتوون کە ناوبانگێکی زۆر باشیان دەرکردووە و توانیویانە بە دەستە زێڕینەکانیان هەم خزمەتێکی زۆری مرۆڤایەتی بکەن و هەم ناوی کوردیش بەرز بکەنەوە."
سەرۆک بارزانی گوتیشی: "بێگومان. کەرتی تەندروستی زۆر زۆر گرنگە بۆ هەموو کۆمەڵگە و نەتەوە و وڵاتیك، لە ساڵانی ڕابردوو بایەخێکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دراوە و ئومێدەوارین لەمەودواش بایەخێکی زیاتری پێ بدرێت. تەمەنا دەکەم هەولێر و هەموو شارەکانی دیکە بگەنە ئاستێک خەڵکی پێویستیان بەوە نەبێت، بچنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری تەندروستی؛ بەڵکو هەموو پێویستییەک فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە نە تووشی ئەم خەرجییە زۆرە، نە ئەو زەحمەتییە ببێت، بەڵکو هەر لێرە چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکەن. من لەو بڕوایەدام کە پزیشکانی ئێمە ئەو لێهاتوویەیان هەیە و دەتوانن، ئەو ئامرازە پێشکەوتووانەی دەرچوون بۆ خزمەتی پزیشکییەوە هەمووی فەراهەم بکرێن، خەڵکی ئێمە پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی نەبێت لە دەرەوەی وڵات."
چارەسەری گرفتەکان لەگەڵ بەغدا
لەبارەی بەغداوە، سەرۆک بارزانی لە بەشێکی وتارەکەیدا گوتی: "ئامانجانمانە چارەسەری هەموو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور و ئەو رێیکەوتنانەی هەیە بێت،
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "ئەوەی جێی دڵخۆشییە لەو دواییانە بیستمان دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئومێدەوارین سەربگرێت و کەس کۆسپی بۆ دروست نەکات."
ئاماژەی بەوەش دا "هەموو کەس دەتوانێت قسە بکات بەڵام شەرت کردارە، هەروەها وتەیەکی عەرەبی هەیە زۆرجوانە کە دەڵێت، "رحم الله امرىء عرف قدر نفسه"و گوتیشی: هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئەرکی ئێوە پیرۆزە."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو؛ ئەوەی ئێمە شانازی پێوە دەکەین کە ئەم هەڵبژاردنە لە کەشوهەوایەکی زۆر ئارام و ئازاددا کرا و هیچ گرفتێکی وەها ڕووی نەدا، کە زۆر کەس پێشبینیان دەکرد گرفتی زۆر گەورە بێتە پێشەوە، کە هەڵبژاردن هەر نەکرێت."
ئاماژەی بەوەش دا، "هەرچەندە وشەکانی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنی زۆر لایەنەکان وەکوو یەک نەبوو، بەڵام بە هەر حاڵ هەڵبژاردن کرا و ئەنجامەکانیش ڕاگەیەندران، ئێستا کاتی ئەوەیە گفتوگۆ بکرێت لە نێوان هەموو لایەنەکان."
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا پەیامێکی ڕاگەیاند کە ئسیتحقاقی هەڵبژاردن پێوەری دەبێت و گوتی: "ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە حکوومەتی داهاتوو، دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتوو دەبێت لەسەر ئەم بنەمایانە بێت، یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە."
بازرگانی کردن بەماددەی هۆشبەر و دروستکردنی کارخانە
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر و لەیاسا لادان جەختی کردەوە، "دەبێت بە جیددی ڕێگریی لەو کارە نایاساییانە بکرێت کە دەکران، وەکو دروستکردنی کارخانەی ماددەی هۆشبەر یان بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر، یان تیرۆر یان لادان لە یاسا، ئەبێت سنوورێک بۆ ئەو شتانە دابنرێت."
کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ئاو
سەبارەت بەگرنگی ئاو و کەرتی کشتوکاڵ و پەروەردە سەرۆک بارزانی گوتی: "پێویستە هەموو پێویستییەک لێرە فەراهەم بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێرە تووشی هیچ گرفتێک و تێچوویەک نەبێت."
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "ئێستە کاتی ئەوە هاتوو ئیتر پلانێکی ستراتیجی هەبێت، لەسەرووی هەمووشی کەرتی تەندروستی دەبێت بگاتە ئاستێکی بەرز، کەرتی پەروەردە و کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پێویستە ئێمە بەرەو ئەوە بچین متمانە بە خۆمان بکەین، ڕاستە نەوت گرنگە بەڵام نەوت ئەمڕۆ یان سبەی تەواو دەبێت، بەڵام کشتوکاڵ و گەشتوگوزار تەواو نابن."
ئاماژەی بەوەش دا "من وای دەبینم لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی ئاو دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی، لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە "وجعلنا من الماء كل شيء حي." ژیان سەخت دەبێت، بەڵام دەتوانی بەبێ کارەبا بژیت، دەتوانی بەبێ ئۆتۆمبیل بژیت، بەڵام بێ ئاو ناتوانی بژیت."
سەرۆک مەسعوود بارزانی گوتیشی: "دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم ماوەدا بایەخێکی زۆری بە بەنداو داوە، بەڵام دەبێت لەمەودوا ئەوە ببێتە ئەولەویاتی حکوومەتی هەرێم، چونکە بابەتی ئاو، بابەتێکە کەمتەرخەمی تێدا نابێت بکرێت، ئینشاڵلا تووشی ئەو گرفتە نابین، بەڵام هەموو پێشبینییەک هەیە کە لە ئایندەدا قەیرانی ئاو دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورە."
بڕیارە کۆنگرەی دەیەمی پزیشکیی میزۆپۆتامیا دوو ڕۆژ بەردەوامبێت، زیاتر لە هەزار پزیشک بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن، هەروەها 92 پزیشکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن و 60 بابەتی ئەکادیمی لەبواری پزیشکیدا پێشکەش دەکرێت.