شاخەوان عەبدوڵڵا: هەموو ئامادەکاریەکمان کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان

"لەسەر سەرژمێری ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا و بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و بەغدا دەکرێت"

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "هەموو ڕێکارەکانمان گرتووەتە بەر و ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کردووە."

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمان، هەموو ڕێکارەکانمان گرتووەتە بەر و ئامادەکاریمان کردووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت."

گوتیشی: "داوامان لەسەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە کە ئامادەیی باشیان هەبێت، چونکە پێمان وایە ئەوە مافی پێکهاتەیەکە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکهاتەیە، هەروەها ئامادەکارییە تەکنییکیەکانیش کراوە بۆ هەڵبژاردن."

جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەش کرد "دوێنێ کۆبوونەوەیکمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، ئەو بڕگەیە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و تێشدەپەڕێنرێت."

سەبارەت بەسەرژمێریی گشتی. شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "دوێنێ کۆبوونەوەیەکمان کردووە و ئەمڕۆش لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا و بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و بەغدا دەکرێت، هەنگاوی باشیشمان ناوە."

دەشڵێت: "داواکاری ئێمە ئەوەیە بۆ نموونە کەرکووکیەک لەهەولێر یان سلێمانی بێت لەسەر کەرکووک بژمێردرێتەوە، یان ئەوانەی هاتوونەتە کەرکووک لەسەر شارەکەی خۆیان بژمێردرێنەوە، بەڵێنی ئەوەشیان داوە جێبەجێی بکەن، ئەگەر جێبەجێش نەکەن بڕیاری دیکەمان دەبێت." 

پێنجشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2024، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 1:00 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێکی نوێ، گفتوگۆی چڕ لەنێوان لایەنە سوننەكان هەیە و شیعەكانیش كۆتا دەرفەتیان بە سوننەكان دراوە، بۆ ئەوەی تاکوو پێش کۆبوونەوەکە، خۆیان یەکلایی بکەنەوە.