کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەستی پێکرد
بە ئامادەبوونی 195 ئەندام، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەمە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە، 195 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکەن.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چوار کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
کاندیدەکان پێکهاتوون لە: سالم عیساوی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی و عامر عەبدولجەبار.
مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساویی، لەلایەن سوننەكانەوە پشتگیریی ناکرێن و گرەو لەسەر دەنگی پەرلەمانتاران دەكەن، بەڵام چاوەڕوان ناكرێ كۆبوونەوەکە بەئاسانی تێپەڕێت.
لەگەڵ ئەوەش دا، مەحموود مەشهەدانی، كە كاندیدە، لەلایەن محەممەد حەلبووسی و نووریی مالیكی پاڵپشتی دەكرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
سوننەکان تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی.
بەگوێرەی زانیاریی مێدیا عێراقییەکان "محەممەد حەلبووسی بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە."