ئۆزگور ئۆزێل: ئامادەین دەسەڵات بگرینەدەست

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێی تورکیا، نەخشە رێگە و ستراتیژی نوێی حزبەکەی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، گەل داوای نوێبوونەوە دەکات و ئەوانیش بە تیمێکی تۆکمە ئامادەن بەرەو حوکمڕانی هەنگاو بنێن.

ئۆزگور ئۆزێل لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر شێوازی کارکردنی نوێی حزبەکەی و رایگەیاند: "لە ئەنجوومەنی پارتەکەماندا بە سێ گرووپی سەرەکی کار دەکەین؛ کە پێکهاتوون لە 76 پەرلەمانتاری فراکسیۆن، 40 کادیری بەشی ڕێکخستن، لەگەڵ 43 پسپۆڕ بۆ داڕشتنی سیاسەتی هەنگاونان بەرەو دەسەڵات."

دەربارەی دۆخی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی گشتی ئاماژەی بەوە کرد: "لە سیاسەتی دەرەوەدا پارتەکەمان بە تەواوی ئامادەیە؛ خاوەنی پسپۆڕی تایبەتین لە بواری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا."

هاوکات لەبارەی دیدگای حزبەکەی بۆ پرسی دارایی، ئۆزێل گوتی: "ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئابووریمان لە 14 پسپۆڕ پێکدێت و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆن داهات و بژێوی (نان)ـی هاووڵاتییان گەورەتر بکەین و دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی بۆ مسۆگەر بکەین."

 ئۆزگور ئۆزێل باسی لە خۆڕاگریی کادیرانی حزبەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم کۆنگرەیە هی ئەو کادیرانە بوو کە مافیان خورا و زەبریان لێ درا، بەڵام هەرگیز تەسلیم نەبوون؛ ئێستاش میللەت داوای نوێبوونەوە دەکات و پارتەکەمان ئامادەیە بۆ ئەوەی بەرەو گرتنەدەستی دەسەڵات هەنگاو بنێت."

دوێنێ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی نوێی تورکیا  (Yeni Parti) لە هۆڵی وەرزشیی ئەنقەرە بە بەشداریی نزیکەی 1200 ئەندام بەڕێوەچوو.