دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات و قۆناغی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە، سەرەتا 195 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، دواتر ژمارەکە بەرز بووەوە بۆ 271 پەرلەمانتار.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چوار کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
کاندیدەکان پێکهاتوون لە: سالم عیساوی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی و عامر عەبدولجەبار.
مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساویی، لەلایەن سوننەكانەوە پشتگیریی ناکرێن و گرەو لەسەر دەنگی پەرلەمانتاران دەكەن، بەڵام چاوەڕوان ناكرێ كۆبوونەوەکە بەئاسانی تێپەڕێت.
لەگەڵ ئەوەش دا، مەحموود مەشهەدانی، كە كاندیدە، لەلایەن محەممەد حەلبووسی و نووریی مالیكی پاڵپشتی دەكرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.