رووماڵ

گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد

کۆبوونەوەی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 183 پەرلەمانتار دەستی پێکرد و هەر یەکە لە محەممەد تەمیمی و خالد بەتال سەرکردەی سیاسیی سوننەکان لەگەڵ هادی عامری و ئەحمەد ئەسەدی سەرکردەی شیعەکان گەیشتوونەتە پەرلەمان و لە دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەوانیش بە جیا لە کۆبوونەوەدان.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گەڕی یەکەمی دەنگدان یەکلایی نەبووەوە، بۆیە دەنگدانەکە پێی نایە گەڕی دووەم، لەم گەڕەش هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکەن.

مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی زۆرینەی دەنگەکانی گەڕی یەکەمی دەنگدانیان بەدەست هێنا بۆیە لە گەڕی دووەمی دەنگداندا بە تەنیا ئەو دووەیان کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستەکە دەکەن.

ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدان:

مەحموود مەشهەدانی: 153 دەنگ.

سالم عیساوی: 95 دەنگ

عامر عەبدولجەبار: 9 دەنگ.

تەڵاڵ زەوبەعی: 0 دەنگ.

دەنگی پووچەڵ: 13 دەنگ.

لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ پەرلەمان، 271 پەرلەمانتار دەنگیان دا و، هەڵبژاردنی سەرۆک لەم گەڕە یەکلاییی نەبووەوە بەهۆی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی 166 دەنگان بەدەست بهێنێت.

دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.

سوننەکان تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی.