پارتی 14 مین كۆنگره‌ی خۆی له‌شاری دهۆك ده‌به‌ستێت
"پارتی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی له كۆنگره‌كانی پێشوو جیاوازتر بێت"
K24- دهۆك:
بۆ یەکەم جارە پارتی دیموكراتی كوردستان کۆنگرەیه‌ك لە بادینان ده‌بەستێت, بۆ ئەو مەبەستەش ده‌ستی به ئاماده‌كاری كردووه. چاودێران و لایه‌نه سیاسییه‌كانیش بە گرنگییەوە لە بەستنی کۆنگرەی پارتی دەڕوانن.
له‌م باره‌یه‌وه عەلی تەتەر، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بە کوردستان٢٤ی راگەیاند، پارتی بڕیاری داوە لە کۆتایی ئەمساڵ چوارده‌مین کۆنگرەی خۆی لە شاری دھۆك ببەستێت، بۆ ئەو مەبەستەش ده‌ستی به ئامادەكاریه‌كانی كردووه.
هه‌وره‌ها دووپاتی كرده‌وه، پارتی هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه ده‌دات، كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی بكات به یه‌كێك له سه‌ركه‌وتووترین كۆنگره‌كانی و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، له كۆنگره‌كانی پێشوو جیاوازتر بێت.
چاودێرانی سیاسی و پارت و لایەنەکانی دیكەی ھەرێمی کوردستانیش بە گرنگییەوە لە بەستنی کۆنگرەی پارتی دەڕوانن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، پارتی خاوەن پێگەیەکی بەھێزی سیاسی و بڕیار بەدەستی هه‌رێمی كوردستان و عێراقە و هیواش ده‌خوازن، كه‌سانی خاوه‌ن توانا و به ئه‌زموون له‌ناو پارتیدا جێبگرن.
پارتی له ساڵی 1946 له ژێر دروشمی "یان كوردستان یان نه‌مان" دامه‌زراوه و ده‌ستی به خه‌بات كردووه. به‌درێژایی ته‌مه‌نی زنجیره‌یه‌كی دانه‌بڕاو له سه‌ركه‌وتنی تۆماركردووه و ده‌ستكه‌وتی قه‌باره گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه. له هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانیش رۆڵێكی سه‌ره‌كی له دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانیدا هه‌بووه و هێز و وزه‌یه‌كی زۆری له راپه‌ڕینه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی 1991ـدا به‌كارهێناوه، یه‌كێك بوو له لایه‌نه هه‌ره سه‌ركییه‌كانی دانانی په‌رله‌مانی كوردستان و كابینه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.. دواتریش پارتی بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو له ساڵی 2017 و هه‌میشه داكۆكیكاری مافه ره‌وا و زه‌وتكراوه‌كانی گه‌لی كوردستان بووه به ته‌واوی پێكهاته‌كانییه‌وه.
H.B
