سروە ڕەسوڵ: هۆتێل و مۆتێل و خواردنی گەرم بۆ حاڵەتی لەناکاو ئامادە کراوە
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ حاڵەتی نەخوازراوەی باران بارین و لافاو، هۆتێل و مۆتێل و خواردنی گەرم و پێداویستی سەرەتایی دابینکراوە.
شەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2024، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهەماهەنگی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، هۆتێل و مۆتێل و خواردنی گەرم لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان دابینکراوە بۆ حاڵەتێکی نەخوازراو ئەگەر بێتە پێش بەهۆی باران و دروستبوونی لافاو.
سروە ڕەسوڵ دەڵێت: کۆستەر و پاس هۆیەکانی گواستنەوەمان بۆ هاووڵاتییان دابینکردووە لە حاڵەتێکدا ئەگەر پێویست بکات، هەموو ئەو ئامادەکارییانەش بەهاوکاریی و هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجام دراوە، لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و کەلوپەلی بەهاناوە چوون، گوتی: تەواوی کۆگاکان لە ئامادەباشیدان، سەرباری ئامێری تایبەت لە ئەگەری دروستبوونی لافاو.
بەڕێوەبەری گشتی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان گوتی: بەرگریی شارستانیی و شارەوانی و تەندروستی و لایەنە خزمەتگوزارییەکان هەموویان بەیەکەوە ئەرکەکان ڕادەپەڕێنن لە حاڵەتی پێویستدا.
ئاماژەی بەوەش هەرچەند هۆشداریی پێشوەختەیان پێدراوە، کرد هاووڵاتییان لەو ڕۆژانەدا کە بارانی بەخوڕ دەبارێت، سەردانی ئەو شوێنانە نەکەن کە ئەگەری بارینی بەفریان هەیە، بەتایبەت چیاکان، هاوکات لە پۆند و بەنداوەکان نزیک نەبنەوە بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان.