شێخ نیاز نەقشبەندی: وەرگرتنی گوژمەی یەکەمی پارەی حاجییان تاوەکوو سێشەممەی داهاتوو درێژ کرایەوە

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە
شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، وه‌رگرتنی تاوه‌كوو سێشه‌ممه‌ی داهاتوو درێژ كراوه‌ته‌وه‌؛ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ده‌ڵێت، هه‌ر كه‌س تا ئه‌و واده‌یه‌ پاره‌كه‌ نه‌دات، ناوی له‌ لیسته‌كه‌ ده‌رده‌هێنرێت و یه‌ده‌گ له‌ شوێنی داده‌نرێت.

دووشه‌ممه‌، 4ـی تشرینی دووه‌می 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، وه‌رگرتنی گوژمه‌ی یه‌كه‌می پاره‌ی حاجییان تاوه‌كوو سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 12/11/2024 درێژ كراوه‌ته‌وه‌.

 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، له ‌دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ر كه‌سێك دوا بكه‌وێت مافی حه‌جكردنی نامێنێت و له‌ جیاتی ناوه‌كه‌ی ناوێكی یه‌ده‌گ به‌ پێی ڕێزبه‌ندی ده‌رچوونی ناوه‌كان شوێنی ده‌گرێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌، له‌ زووترین كاتدا سه‌ردانی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان  له‌ پارێزگاكانی، هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كانی، زاخۆ، سۆران، ڕاپه‌رین و گه‌رمیان، بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كانیان؛ چونكه‌ واده‌ی وه‌رگرتنی گوژمه‌ی یه‌كه‌می تێچووی حه‌ج به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ درێژ ناكرێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حه‌ج و عومرە ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ده‌بێت هاووڵاتییان بڕی چوار ملیۆن دیناری عیراقی وه‌كوو گوژمه‌ی یه‌كه‌م تاوه‌كوو گوژمه‌ی دووه‌م دیاری ده‌كرێت له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی ناوی ده‌رچووه‌ ئاماده‌ بێت و پاسپۆرتی پێ بێت.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تایبه‌ت به‌ وێبسایتی كوردستان24 گوتی: حكوومه‌تی عێراق ئه‌م ساڵ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ وه‌رزی حه‌ج پێش خستووه‌ و داوای كردووه‌ په‌له‌ له‌ وه‌رگرتنی گوژمه‌ی یه‌كه‌می پاره‌ی حاجییان بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی كرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی تا ئێسته‌ گوژمه‌ی یه‌كه‌میان نه‌داوه‌، ژماره‌یان 1000 كه‌س و ده‌بێت تاوه‌كوو 12ـی ئه‌م مانگه‌ گوژمه‌ی یه‌كه‌می پاره‌كه‌یان بده‌ن، ئه‌گه‌رنا كه‌سانی یه‌ده‌گ كه‌ له‌ تیروپشك ناویان ده‌رچووه‌، له‌ شوێنه‌كانیان داده‌نرێن.

چوارشەممە، 23-10-2024، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئاگاداری هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ مساڵ ناویان بۆ پرۆسه‌ی حه‌جی 2025 ده‌رچووه‌، له‌ ‌ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ 24-10-2024 سه‌ردانی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆ‌كانی زاخۆ، سۆران، ڕاپه‌رین، گه‌رمیان بكه‌ن بۆ ڕایكردنی مامه‌ڵه‌كانیان.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، بۆ وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌كان ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 3-11-2024 ده‌بێت و هه‌ر كه‌سێك دوابكه‌وێت مافی حه‌جكردنی نامێنێت و له‌ جیاتی ئەو  ناوێكی یه‌ده‌گ به‌ پێی ڕێزبه‌ندی ده‌رچوونی ناوه‌كان شوێنی ده‌گرێته‌وه‌.