ترەمپ: بایدن و کامالا هەزاران تیرۆریستیان هێناوەتە ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ، جۆو بایدن و کامالا هاریس بە هێنانی "هەزاران تیرۆریست بە شێوەی پەنابەر" بۆ نێو ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات. دەشڵێت، لە سایەی ئەواندا "ئابووریی وڵاتەکەمان خراپە و خەڵک بێزارە." 

سێشەممە، 05-11-2024، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە کۆتا گوتاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکە لە ویلایەتی میشیگن ڕایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە دەبەینەوە، دڵنیام جۆش و خرۆشی ئێوە لە چوار ساڵی پێشوو زیاتر دەبێت. ئەمەریکییەکان لە چوار ساڵی ڕابردوودا زۆر نیگەران بوون و چەندین کارەساتیان بەسەردا هاتووە، ئەمەش هەمووی لەژێردەستی بایدن و کامالادا بووە."

بە گوتەی ترەمپ"سنوورەکانی باشووری ئەمەریکا وێران بوونە، ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین و بە زوویی کۆتایی پێ دەهێنین. گرنگە سەرنجمان لەسەر هەموو بابەتەکان بێت. هەزاران کەسی تاوانبار و مافیا و تیرۆریستی ترسناک هاتوونەتە وڵاتەکەمانەوە ئەمە مەترسیدارترین شتە بۆ ئیمە."

کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پێی وایە "دیموکراتەکان لە چوار ساڵی ڕابردوودا یەک شتی باشیان نەکردووە، هەموو شت لە قەیراندایە."

کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 05-11-2024، (بە کاتی هەولێر) 60ـەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 186 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تۆمارکراون و مافی دەنگدان و بەشداربوونیان لەم هەڵبژاردنە هەیە.

لەم هەڵبژاردنەدا، وەک هەمیشە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کاندیدی کۆمارییەکانە و کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کاندیدی دیموکراتەکانە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کردووە و ئەمڕۆ کۆتایی هەڵبژاردنەکە دەبێت بۆ ئەوەی 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت.