رووماڵ

کۆتا قسەی ترەمپ و هاریس پێش هەڵبژاردن

چەند کاتژمێرێک بەر لە دەست پێ کردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەشدارییان لە گردبوونەوەکانی هەڵبژاردندا کرد و لەوێدا، کۆتا قسەی خۆیان کرد.

لە دوایین گردبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا لە میشیگان کە یەکێکە لە ویلایەتە ناسەقامگیرەکان ترەمپ گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە نادۆڕێین! ئەنجامی دەنگدانی پێشوەختە پێشکەوتنەکانمان نیشان دەدات."

گوتیشی: "دەنگدانی ئەمجارە جیاوازیی دروست دەکات، بەڵێنیش دەدەم، ئەمەریکا و جیهان بەرەو لووتکە ببەم."

هەروا گوتی: "پێویستە بایەخ بە پرسی کۆچبەران بدەین و ڕێگریی لە هاتنە ناوەوەی تاوانباران و تیرۆریستان بۆ وڵاتەکەمان بکەین." داواش دەکات "سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا بسەپێنرێت کە هاووڵاتی ئەمەریکی یان ئەفسەری پۆلیس دەکوژن."

سەبارەت بە هاریس، لە دوایین گردبوونەوەی هەڵبژاردنەکانیدا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە ڕەنگە یەکێک بێت لە هەڵبژاردنەکانی مێژوو، بۆیە هەموو دەنگێک گرنگە."  جەختیشی کردەوە "دەرفەتمان هەیە دواجار لاپەڕەکە لەسەر 10 ساڵێکی سیاسی هەڵبگێڕینەوە، کە ترس و دڵەراوکێ تێدا دروست کردووە."