ترامپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی چی لە ئەمەریکا ڕوو دەدات؟
دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە پلانیدایە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، باجی گومرگی لەسەر کاڵای هاوردەکراو لە وڵاتانی ئەورووپا و چین زیاد بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەڵمانیا و چین یەکێکن لەو وڵاتانەی بە ساڵانە بەبڕی سەدان ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی ئەمەریکا دەکەن.
بەشێك لە هاووڵاتییان و سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا ترسیان لە گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ کۆشکی سپی هەیە و دەڵێن: گەڕانەوەی ترامپ هەڕەشەیە لەسەر دیموکراسییەت لە وڵاتەکەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاندیدەکەی کۆمارییەکان گومرگ لەسەر کاڵای بیانی زیاد دەکات، ئەگەری هەیە بەهۆی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی چەندین وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە زیانیان پێبگات.
لە ساڵی 2023 قەبارەی هاوردە لە ئەمەریکا زیاتر لە سێ ترلیۆن و 826 ملیار دۆلار بووە، زۆرترین کاڵا لە مەکسیك هاوردەی ئەمەریکا و بڕەکەی 480 ملیار دۆلارە، چین لە پلەی دووەم دێت، ئەمەریکا بەبڕی 448 ملیار دۆلار کاڵای لەو وڵاتە هاوردە کردووە، کەنەدا لە پلەی سێیەم دێت و بڕەکەی 429 ملیار دۆلارە، ئەڵمانیا لە پلەی چوارەم دێت و بڕەکەی نزیکەی 163 ملیار دۆلار بووە.
دۆناڵد ترامپ، لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بەنیازە بەڕێژەی 10%ـی تا 20% باجی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتان زیاد بکات، هەروەها لە پلانیدایە بە ڕێژەی 60% باجی گومرگی لەسەر ئەو بەرهەمانە زیاد بکات کە لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
پەیمانگای ئابووریی ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، ئەگەر هەریەکە لە یەکێتی ئەورووپا و ئیدارەی ترامپ باجی گومرگی بەڕێژەی 20% زیاد بکەن، تا ئەو کاتەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ کۆتایی دێت تەنیا ئەڵمانیا بەبڕی 194 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
ترامپ لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەمەریکا لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا دەڵێت: وڵاتانی یەکێتییەکە ئۆتۆمبێل و بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمەریکا هاوردە ناکەن و ملیۆنان ئۆتۆمبێل لە ئەمەریکا دەفرۆشن و دەبێت باجێکی گەورە بدەن.
لەبارەی چین ترامپ هەڕەشە دەکات و دەڵێت: ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان، بەڕێژەی 150% بۆ 200% باج دەخەمە سەر چین.