رووماڵ

هاریس: دەنگدان ئەو ئازادییە بنەڕەتییەیە کە دەرگە بە ڕووی هەموو ئازادییەکانی دیکەدا دەکاتەوە

کاندیدی دیموکراتەکان پەیامێکی ئاراستەی کارمەندەکانی سەر سندووقی دەنگدان کرد و گوتی: ئێوە ماندوونەناسانە کار دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ژماردنی هەموو دەنگێک، گەلێک سوپاس.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پەیامێکی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاو کردەوە.

هاریس نووسیویەتی، دەنگدان ئەو ئازادییە بنەڕەتییەیە کە دەرگە بە ڕووی هەموو ئازادییەکانی دیکەدا دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان و بەرپرسانی هەڵبژاردن ماندوونەناسانە کار دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ژماردنی هەموو دەنگێک گەلێک سوپاس.

کێبڕکێی گەیشتن بە کۆشکی سپی شایەدی ڕووداوی زۆر سەیروسەمەرە بووە، لە کاتێکدا ترامپ دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی درا، هەروەها جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، کامالا هاریسی جێگری خۆی، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کاندید کرد و خۆشی کشایەوە.

سێشه‌ممه‌، 5ـی تشرینی دووه‌می 2024، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی كاتی ئاسایی، پرۆسه‌كه‌ له‌ چه‌ند ویلایه‌تێك درێژ كرایه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌یشی كێشه‌ی ئه‌لیكترۆنی بووه‌.

کامالا هاریس کێیە؟

کامەلا هاریس، ناوی تەواوی کامەلا دێڤی هاریسە. تەمەنی 60 ساڵە و لە 20ـی ئۆکتۆبەری 1964 لە ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایک بووە.

دایک و باوکی کامەلا هاریس وەک کۆچبەر ڕوویان لە ئەمەریکا کردووە و چالاکوانی کارای بوای جوڵانەوەی مافی مەدەنی بوونە.

هاریس بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسی و ئابوورییەکان لە زانکۆی هاوەرد ساڵی 1986 بەدەستهێناوە. دواتر لە ساڵی 1989 بەشی یاسای لە کۆلێژی هاستینگس لە زانکۆی کالیفۆرنیا تەواو کردووە.

لە زانکۆکە وەک سەرۆکی دامەزراوەی قوتابییە پارێزەرە ڕەشپێستەکان کاری کرد.

لە دوای تەواو کردنی زانکۆ و بەدەستهێنانی بڕوانامە، هاریس چەندین پۆستی دیکەی سیاسی و حکوومی وەرگرتووە. 

27ـەمین پارێزەری ناوچەی سانفرانسیسکۆ بووە.

لە 2011 تاوەکوو 2017 وەک 32ـەمین داواکاری گشتیی کالیفۆرنیا دەست بەکاربوو.

پاشان لە 2017 چووە سێناتی ئەمەریکا و تا 2021  وەک سیناتۆری ویلایەتی کالیفۆرنیا کاری کردووە.

لە 2021 هاریس وەک یەکەمین ئافرەت پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکای وەرگرت. یەکەمین کەسی ڕەشپێست و ئەمەریکی ئاسیایی بوو ئەو پۆستە وەربگرێت.

دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپی ڕکابەری ئەدایەکی لاوازی پێشکەش کرد، کە دواجار بووە هۆی ڕەخنەیەکی توند لە نێو ئەمەریکییەکان و خودی دیموکراتەکانیش، بۆیە بڕیاریدا لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بکشێتەوە.

بایدن کشایەوە و کامەلا هاریس وەک پاڵێوراوی دیموکراتەکان کاندید کرا بۆ ڕکابەرایەتیکردنی دۆناڵد ترامپ بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

هاریس هەر زوو پشتیوانیی دیموکراتەکانی بەدەست هێنا و لە ڕاپرسییەکاندا پێش دۆناڵد ترامپی ڕکابەری کەوت.

بەگوێرەی دوایین ڕاپرسییەکان و دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان، ڕکابەرییەکی توند لە نێوان هاریس و ترامپدا هەیە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا.