رووماڵ

ئێران هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ ڕاگەیاند

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، "هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک و ژیانی هاووڵاتیانی ئێرانی نابێت".

ئەمرۆ چوارشەممە، 6-11-2024، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نیە، سیاسەتە سەرەکییەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی جێگیرن و بە گۆڕینی خەڵک بە کەسانی دیکە گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەسەردا نایەت ئێمە پێشتر ئامادەکاری پێویستمان کردووە".

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئێران نابێت، لە کاتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی تومەن بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە نزمترین ئاستی پێوانەیی".

تا ئێستا ترەمپ لە کۆی 270 دەنگی هەڵبژاردن کە پێویستە بەدەستی بهێنێت، بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا، 277 دەنگی بەدەستهێناوە.

ترەمپ هەڵوێستی توند بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر. لە ساڵی 2018 بڕیاریدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بکشێتەوە، هەروەها سزای توندی بەسەر تاراندا سەپاندەوە.