سەرۆککۆماری عێراق پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات
لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد، بەهۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-11-2024، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزیان و ئیدارەکەی دەخوازین لە سەرکردایەتیکردنی ئەمەریکا بەرەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر".
سەرۆککۆماری عێراق، گوتیشی: "ئومێد دەخوازین قۆناغێکی نوێ بێتە ئاراوە، کە ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکەدا بێنێتەدی و پەیوەندییە بنیاتنەرەکان بەهێزبکات، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندی و خواستی گەلان بکات".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە دادگای بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە لەسەر کەیسی کوشتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس، لەساڵی 2020، کە دۆسیەکە تا ئێستا دانەخراوە .