لەگەڵ سەرکەوتنی ترەمپ، تومەنی ئێران هاڕەی کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2024، لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەهای دراوی ئێران (تومەن) هاڕەی کرد و بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزی.
ئەم دابەزینە لە پڕەی تومەنی ئێران بە توندبوونی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لە سیاسەتی ئابووریی دەرەوە بەرانبەر بە ئێران خوێندنەوە بۆ کراوە و بە ئاماژەیەکی مەترسیداری دەزانن بۆ دەستپێکردنەوەی ئاستەنگی زیاتر دژ بە تاران لە کاتێکدا هێشتا ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ترۆپکە و کپ نەبووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، بازرگانان لە تاران دەڵێن: "ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی تاران هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بەرانبەر بە 703 هەزار تومەن ئاڵوگۆڕی پێوەکراوە و ئەگەر هەیە دابەزینی بەهای دراوی ئێران بەردەوام بێت؛ هەر بۆیە بازرگانانی ئێرانی چاوەڕوانن بانکی ناوەندی وڵاتەکەیان هەنگاوێکی بە پەلە بنێت و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و بە زیاترکردنی قەبارەی خستنەڕووی دۆلار لەم لاسەنگییەی تووشی بەهای تومەن بووە، کەم بکاتەوە."
ئەم هاڕە کردنەی بەهای دراوی ئێران، شڵەژانێکی لە نێو بازاڕەکانی ئێران دروست کردووە و خەڵکی وڵاتەکەش ترسیان هەیە ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپی ئابووری و دارایی ببنەوە، بەهۆی سەرکەوتنی ترەمپ، پێشبینی دەکەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکا سیاسەتێکی توندتر دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێتەبەر.
ئەمیر ئاغائیان تەمەن 22 ساڵ و قوتابی زانکۆ دەڵێت: "%100 سزاکان توندتر دەکات، ئەو شتانەی لە بەرژەوەندی ئێران نین خراپتر دەبن؛ ئابووری و کۆمەڵایەتیمان بەدڵنیاییەوە خراپتر دەبێت."
ئاغائیان دەشڵێت "هەست دەکەم وڵات دەقڵیشێتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، مەحموود پەروەر تەمەن 71 ساڵ، کە لە تاران شۆفێری تاکسییە دەڵێت: "هەست دەکەم شەیتان دەبینم، چونکە چاوەکانی لە چاوی شەیتان دەچن و ڕەفتارەکانیشی وەک پیاوێکی شێت وایە."
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە 47 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردراوە، بەڵام تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا ڕیشەیەکی مێژوویی 45 ساڵەی هەیە دوای دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ساڵی 1979 لە تاران و بە بارمتە گرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکە.
هەروەها بەرنامەی ناوەکی ئێران، ناکۆکییەکی دیکەی نێوان واشنتن و تارانە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریکا بە فەرمانی ترەمپ لە ساڵی 2018 یەکلایەنە ئەمەریکای لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کشاندەوە، چەند ساڵێک گرژی و ئاڵۆزییەکانی تاران و واشنتن زیاتر بوون، هەربۆیە گومان دەکرێن بە دەرچوونەوەی ترەمپ چارەنووسێک خراپ چاوەڕوانی ئێران بکات و سزاکان زیاتر و قورس تر بکات.