یەکەم لێدوانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ترەمپ
گرووپی چەکداریی (سيد الشهداء)، دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، یەکەم لێدوانیان بڵاو کردەوە و دەڵێن: "سەرۆکەکانی ئەمەریکا هەموویان وەکو یەکن و بەبێ ئیسرائیل ناتوانن هەنگاو بهاوێژن."
چوارشەممە 6ـی 2024، عەباس زوبەیدی، سەرکردە لە گرووپی چەکداریی (سيد الشهداء) دەڵێت: "جیاوازییەک لەنێوان سیاسەتی ترەمپ و بایدندا نییە، هەموو سەرۆکەکانی ئەمەریکا بریتین لە نوێنەرێکی دیبلۆماسی و سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا." ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر وڵات و گەلانی جیهاندا بگرێت و کۆنترۆڵیان بکات و دەست بەسەر توانا و سامانیاندا بگرێت."
ئەو سەرکردەیەی (سيد الشهداء) دووپاتی ئەوە دەکاتەوە "ڕەوەندی جوو دەتوانێت دەست بەسەر سامان و مێدیادا بگرێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرکەوتن و دۆڕانی هەر کاندیدێک هەیە. بۆ ئیدارەی ئەمەریکا ئەستەمە بتوانێ پێچەوانەی ئاراستەی ئیسرائیل هەنگاو بنێت."
ئەو سەرکردەیەی (سيد الشهداء) جەختی لەوە کردەوە "پرسی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ گرووپەکانی مقاوەمە و بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی بۆ هەر ئیدارەیەکی ئەمریکی، بەندە بە ڕەزامەندی و ئاراستەی ئیسرائیل."