ترەمپ و نەتەنیاهو دەربارەی هەڕەشەکانی ئێران گفتوگۆ دەکەن
بەبۆنەی سەرکەوتنی و هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکات و پێکەوە باسئ هەڕەشەکانی ئێرانیشی دەکەن.
بنیامین نەتەنیاهو ئاشکرای کردووە کە ئەو لە پێش هەموو ڕێبەرانی جیهانەوە پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە و لەو گفتوگۆیەدا پەیوەندیی دۆستانە و گەرمیان لەگەڵدا دووپات کردووەتەوە بەبۆنەی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی.
بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زیاتر دەڵێت: "سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە، هەردوولاش ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کاری هاوبەش لەپێناوی ئاسایشی ئیسرائیل بکەن، هاوکات گفتوگۆیان لەبارەی هەڕەشەکانی ئێرانیش کردووە."
پێشتر، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهو ڕایگەیاند: "ترەمپ مەزنترین گەڕانەوەی لە مێژووی ئەمەریکادا تۆمار کرد، ئەوە سەرەتایەکی نوێیە بۆ ئەمەریکا و دووبارە پابەندیی بەهێزیی هاوپەیمانیی مەزنی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا."
دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا 277 کورسی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بردووەتەوە و پۆستی سەرۆکایەتیی مسۆگەر کردووە.
لە بەرانبەردا کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان، 224 کورسیی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بە دەست هێناوە و هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندووە.
ترەمپ سەدا 51ـی دەنگەکانی بە دەست هێناوە کە دەکەنە زیاتر لە 70 ملیۆن و 911 هەزار دەنگ. لە بەرانبەردا هاریس، سەدا 47.5ـی دەنگەکانی بە دەست هێناوە کە دەکەنە نزیکەی 66 ملیۆن دەنگ.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-11-2024، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە، بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.