رووماڵ

پۆڵەتیکۆ: سەرکەوتنی ترەمپ دەبێتە مۆتەکەی جەنگی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا

ئافرەتێک بە تەنیشت فلێکسێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوە دەڕوات
ئافرەتێک بە تەنیشت فلێکسێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوە دەڕوات

هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمەریکا، کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووریی ئەورووپا دەبێت، پێشبینی دەکرێت بە زیادکردنی باج لەسەر کەلوپەلی هاوردەکراوی ئەورووپا بە ڕێژەی سەدا 10 بۆ 15، ڕێژەی %60 لەسەر هاوردەی کەلوپەلی چین، دەرگا لەبەردەم هەڵگیرسانی جەنگێک بکاتەوە.

لەو بارەویەوە، بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بە پێگەی هەواڵی پۆڵەتیکۆی ڕاگەیاندووە "لە کاردانەوەی زیادکردنی باجدا، یەکێتیی ئەورووپا، هەرچەندە لەم دۆخەدا دەیەوێت دەستی دۆستایەتی بۆ ترەمپ درێژ بکات، لە هەمانکاتدا لە ئەگەری زیادکردنی باج لەسەر ئەورووپا، هەڵوێستی توندیان دەبێت و هەوڵ دەدەن بە گفتوگۆ ترەمپ ڕازی بکەن بۆ ئەوەی گرفتەکە چارە بکەن."

هەروەها ترەمپ بە نیازە پەرەی زیاتر بە گازی سروشتی ئەمەریکا بدات کە ڕەنگە بە نرخێکی گرانتر بە ئەورووپای بفرۆشێتەوە، ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی دیکە لەسەر ئەورووپا کە لە دوای جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە، بە تەواوەتی پشتیان بە گازی سروشتی ئەمەریکا بەستووە.

ئەم نیگەرانیانەی ئەورووپا زۆر بەڕوونی لە بەیاننامەکەی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆندا دەردەکەوێت.

هەروەک ئیمانوێڵ ماکرۆن لە بەیاننامەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت "لەم چوارچێوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کار دەکەین بەرەو ئەورووپایەکی یەکگرتووتر، بەهێزتر، سەروەرتر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان."