بایدن پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی لە دۆناڵد ترەمپ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و بانگهێشتنامەیەکیشی بۆ نارد تا سەردانی کۆشکی سپی بکات.
کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاندووە، جۆو بایدن ڕۆژی پێجشەممە گوتارێکی بۆ گەلەکەی پێشکەش دەکات و باس لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە بایدن بەڵێنی ئەوەی داوە دەسەڵاتەکانی بەبێ دروستبوونی کێشە ڕادەستی ترەمپ بکات و هاوکات جەختی لەسەر گرنگی کارکردنی پێکەوەیی کردەوە لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و وڵاتدا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، لە دوای شکستی هاریس لە هەڵبژاردن، بایدن قسەی لەگەڵدا کردووە.
وەردەکاری زیاتر لەسەر قسەکانی نێوانیان نەخراوەتە ڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە، بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.