سەرۆکی کۆریای باشوور پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات
یون سیۆک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور بە تەلەفۆن پیرۆزبایی سەرکەوتن لە دۆناڵد ترەمپ کرد و لەگەڵیدا باسی پرسی کۆریای باکوور و قەیرانی ئۆکرانیای کرد.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا خواستی خۆی بۆ کۆبوونەوەیەکی خێرایی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور دەربڕیوە."
هەروەها یۆن سیۆک یول و ترەمپ پرسی هاوکاریی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن و هاوپەیمانیی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور و دۆخی لەگەڵ کۆریای باکوور لە چوارچێوەی قەیرانی ئۆکرانیایان تاوتوێ کرد.
یۆن سیۆک یۆل، ئاماژەی بە بەشداریی ترەمپ کرد لە دامەزراندنی پێکهاتەیەکی هاوکاریی لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن و هیوای خواست "هاوپەیمانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور وەک هاوبەشییەکی نزیک لە هەموو بوارەکانی ئاسایش و ئابووری دەگرێتەوە بەردەوام بێت."
ڕاشیگەیاند "هەردوولا ڕێککەوتون لەسەر پێکەوە کار کردن، بۆ بەهێزیی سەرکردایەتیی هاوبەش لە ئۆقیانووسەکانی هیند و هێمن، له نیمچه دورگەی کۆریا و له ئاستی جیهانیدا."
لای خۆیەوە کیم تای هیو، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئیدارەی ئاسایشی نیشتمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردەوە "هەردوولا هەڵسەنگاندنیان بۆ کردەوەکانی کۆریای باکوور ئاڵوگۆڕ کردووە و نیگەرانی خۆیان لە دۆخی نالەباری ئۆکرانیا دەربڕی."
لەگەڵ ئەوەش دا، زانیاریی هەواڵگرییان ئاڵوگۆڕ کردووە، سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و هەڵدانی مووشەکی بالیستی نێوان کیشوەرەکان و مووشەکی بالیستی و هەڕەشەکانی دیکەی پیونگ یانگ، کە سیئۆل هەستیان پێ دەکات.