ئوستراڵیا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرزەکاران قەدەغە دەکات

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا بڵاوی کردووەتەوە "حکوومەتی ئوسترالیا بەنیازە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سنووردار بکات بە جۆرێک تەنیا ئەوانەی تەمەنیان لە 16 ساڵ زیاترە بتوانن بەکاری بهێنن."

ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "لەگەڵ هەزاران دایک و باوک، باپیر و داپیر قسەم کردووە، کە وەک من زۆر نیگەرانی سەلامەتیی منداڵەکانمانین لەسەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت."

ئاماژەی بەوەش کرد: "دەمەوێت دایک و باوک و خێزانە ئوسترالیەکان بزانن کە حکوومەت پشتی ئێوەی گرتووە."

بڕیارە ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی ئەو یاسا پێشنیار کراوە بکرێت و دواتر لە کۆتایی ئەم مانگەدا بخرێتە بەردەم پەرلەمان.

بەڵام کۆمپانیای پەخشی ئوسترالیا ڕایگەیاندووە "ڕەنگە نزیکەی ساڵێک بخایەنێت تا یاسا نوێیەکان بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە."