حەیدەر قوڕەیشی: سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی بازرگانی ماددەی هۆشبەری تێیدا بەربڵاوە
سەفا ئەلئەعسەم "هێزە ئەمنییەکان توانیان دەست بەسەر چوار گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا بگرن، کە گەورەترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە"
دیاردەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕوو لە زیادبوونە، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئایندەی نەوەی داهاتوو و گەنجەکان دەبێت.
توێژەری کۆمەڵایەتی، نەرمین محەممەد، باسی لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەکات و دەڵێت: "گرنگترینیان فشارە دەروونییەکانن کە لە ئەنجامی بێکاری و هەژارییەوە سەرهەڵدەدەن، هەروەها زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، کە پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر".
سەفا ئەلئەعسەم، شارەزای بواری ئەمنی بە حوڕەی ڕاگەیاند، "مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان 12 هێندەی تیرۆر مەترسیدارترە"، ڕوونیشیکردەوە، "بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بەو ماددانە، لە دوای ساڵی 2006 دەستی پێ کردووە"، گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان لەم دواییانەدا توانیان دەست بەسەر چوار گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراقدا بگرن، کە گەورەترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە، لەگەڵ کێڵگەی چاندنی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکانی نەجەف و بەسرە و واست".
ئەلئەعسەم ئاشکراشی کرد، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بەکارهێنانیان لە پارێزگاکانی باشووری عێراق زۆربووە، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی بەسرە و بەغدایە، لەکاتێکدا بازرگانییەکەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا بەربڵاوە، هەروەها هەندێک لە پارێزگاکانی ڕۆژئاواش.
ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرچاوە سەرەکییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی ئێران و لوبنان و سووریاوەیە، کە بوونەتە ناوەندێک بۆ هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەری جۆری کاپتاگۆن، هەروەها لە ڕێگەی ئاوەوە لە هەندێک وڵاتانی کەنداو و پاکستان و ئەفغانستانەوە لە ڕێگەی ئێرانەوە دێتە ناو عێراق، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو گەنجانی نێر و مێ، تا کۆتایی ساڵی 2023، لەسەدا 25ـی تێپەڕکردووە".
باسی لەوەشکرد، "کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە، هەروەها گەندەڵی لە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکاندا کراوە بەوەی ئاسانکاری هاتنە ژوورەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانی سووریا و ئێران لە بەرامبەر پێدانی بەرتیل بەهەندێک لە ئەفسەران و کارمەندانی ئەمنی کراوە".
حەیدەر قورەیشی، ئەندامی تیمی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، گوتی: " دیارترین ئەو ناوچانەی کە باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تێیدا بڵاوبوونەتەوە، پارێزگای بەسرە، میسان، واست، دیالە، سلێمانین، هاوکات لە ڕۆژئاواش پارێزگاری نەینەوا و ئەنبارن، بەو پێیەی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی دراوسێوە دێن".
قورەیشی ڕوونی دەکاتەوە، "لە ساڵی 2023دا، 19 هەزار بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها 12 تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها دوو تۆن و 118 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و نزیکەی 5 ملیۆن حەبی ماددە هۆشبەرەکانیش لەناو براون".
ڕاپۆرتەکانی سەنتەری ئەوروپی بۆ چاودێریکردنی ماددە هۆشبەرەکان و ئاڵوودەبوون ئاماژە بەوە دەکەن کە حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی بەشدارن لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکان، دیارترینیان مادەی هۆشبەری کاپتاگۆن، کە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ حکوومەتی سووریا.
ئەو دووپاتی کردەوە کە داهاتی دارایی ئەم بازرگانییە پاڵپشتی ڕژێمی سووریا و میلیشیاکانی لایەنگری ئەو دەکات، ئەم ڕاپۆرتانەش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بازرگانییە ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆر بەدەست دەهێنێت کە بە نزیکەی 5.7 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەو پێیەی حەبی کاپتاگۆن هەناردەی چەند وڵاتێک دەکرێت، لەنێویاندا سعوودیە و ئوردن و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکە.
سەرۆکی ڕێکخراوی 'نەقاها' بۆ چارەسەرکردنی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، ئیناس کەریم، دەڵێت، "ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچە هەژارنیشینەکاندا گەیشتووەتە نزیکەی لە 17%.
ئەو ڕێکخراوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئاڵوودەبووان دەکات، تا دەگەنە قۆناغی چاکبوونەوە، دواتر پرۆسەی چاکسازی دەروونی کە ڕێکخراوەکە پەسەندی دەکات، هەروەها هەڵمەتی هۆشیاری بەردەوام لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، فێستیڤاڵەکان، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکات.
هاوکات لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024، شەش هەزار تۆمەتبار لە عێراق دەستگیرکراون.