بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەستی لەکار کێشایەوە

دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یوئاڤ گالانت، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بەرگری دەستی لەکار کێشایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیال زامیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری، دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە چەند ڕۆژێک دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری یۆئاڤ گالانت دێت، کە ئیسرائیل، ییسرایل کاتز لە جێگەی گالانت دانرا".

ڕۆژی سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە. هاوکات ییسرائیل كاتز، وەزیری دەرەوە لە شوێنی گالانت دەست نیشان کرا.

بنیامین ناتانیاهۆ، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێمە لەناو شەڕداین، پێویستە زیاتر لە جاران، متمانەی تەواوەتی لە نێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی هەبێت.

باسی لەوە کرد، لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شەڕ متمانەیەکی باش لەنێوان من و وەزیری بەرگریدا هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو متمانەیە درزی تێکەوت، وردە وردە بەرەو کەمبوونەوە چوو. 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتی: بۆشاییەکی گەورە لە نێوان من و گالانتدا لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا هەبوون، لێدوان و کرداری گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی وڵاتەکەمان پێچەوانەی بڕیارەکانی حکوومەت بوون، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خەڵکیش لەم کارە تێگەیشت.

ناوبراو گوتیشی: بەهۆی ئەوەی گالانت متمانەی من و حکوومەتی وڵاتی لەدەستدا، لەژێر ڕۆشنایی ئەو نەمانی متمانەیە ئەمڕۆ بڕیارم داوە کۆتایی بە خولی وەزیری بەرگریی بهێنم.

لەلایەکی دیکەوە یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بڕیاری دوورخستنەوەکەی دوای ناکۆکی دەربارەی یاسایی سەربازی زۆرە ملێ و گەڕانەوەی بارمتەکان، لیژنەی لێکۆڵینەوەی فەرمی، هات".

ئاماژەشی دا، "بڕیاری دوورخستنەوەی دوای چەندان دەستکەوت دێت، لە چەند بەرەیەکدا بەدەستی هێناوە"، باسی لەوەش کرد، "شانازی بە دەستکەوتەکانی سیستەمی ئەمنیی دەکەم و پابەندم بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە"