ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتباری خەڵکی کوت دەستگیر دەکات

ئاسایشی هەولێر: دوو تۆمەتبارەکە بە گوێرەی ڕێکارە یاساییەکان ڕەوانەی شوێنی تاوان دەکرێنەوە

ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتباری خەڵکی باشووری عێراقیان دەستگیرد، کە لە دۆسییەکی تاوانی کوشتن تێوەگلاون و لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەکانی شاری کوت بڕیاری دەستگیرکرنیان بۆ دەرکرابوو.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشیی هەولێر ئەمڕۆ هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووتەوە، دوای ئەوەی لە لایەن بەشی هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراینەوە کە دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ج ، م ، ح) و ( ح ، م ، ح) لە شاری ( کوت) لە خواروی عێراق تاوانێکی کوشتنیان کردووە و هەڵهاتون بۆ شاری هەولێر، دوای بەدواداچون لە لایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان شوێنی خۆ حەشاردانیان دەست نیشان کراو، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانرا هەردوو تۆمەتبار دەستگیر بکەین، دواتر بە پێی ڕێککارەکانی یاسایی ڕەوانەی شوێنی تاوان دەکرێنەوە بۆ دادگایی کردنیان. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستگیرکراون دانیشتووی شاری کوتی باشووری عێراقن و خاوەنی مۆلیدەی یەکێک لە گەڕەکانی شارەکەن، بە گوێرەی تۆماری کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە کاتژمێر 10ی شەوی پێنجی ئەم مانگە بە ماتۆڕسیکلێکەوە هەڵدەوتنە سەر کەسێک بە دەمانچە تەقەی لێدەکەن و لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەیکوژن.

دوای تاوانە، هەردوو تۆمەتبارەکە هەڵاتوون و بۆ خۆ دزینەوە لە یاسا  هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی بەهێزی هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پاش گەیشتنی زانیارییەکان لەسەر تاوانەکە  و تۆمەتبارە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەسەر بڕياری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە کەمترین ماوەدا توانیان هەردوو تۆمەتبارە داواکراوە دەستگیر بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment