مەشهەدانی: سەرژمێری دەرفەتێکە بۆ بە دۆکۆمێنتکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریمان

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە گەلی عێراق دەکات بە شێوەیەکی کارا بەشداریی لە پرۆسەی سەرژمێری بکەن. جەخت لەوەش دەکاتەوە، سەرژمێری دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بە دۆکۆمێنتکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرژمێری بەشدارە لە بنیاتنانی ئاییندەیەکی باشتر بۆ عێراق، هەروەها پرۆسەکە بە دابینکردنی زانیاری ورد لەسەر دانیشتووان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڕیاردانمان لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دۆزینەوەی چارە بۆ ئەو کێشانە کە ڕووبەڕووی هاووڵاتییانمان دەبنەوە.

هاوکات ناوبراو، داوا لە گەلی عێراق دەکات بە شێوەیەکی کارا بەشداریی لە پرۆسەی سەرژمێری بکەن، جەخت لەوەش دەکاتەوە، سەرژمێری دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بە دۆکۆمێنتکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری،

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو پرۆسە گرنگە زانیاری بە حکوومەت و دەزگەکانی دەوڵەت دەدات کە هەژارترین ناوچەکان و بەرزترین ڕێژەی بێکاری و نزمترین ئاستی خزمەتگوزاریەکان دەستنیشان بکەن، ئەمەش وا دەکات حکوومەت بە کردار کێشەکان چارە بکات و پشتیوانی پێویست پێشکەش بەو ناوچانە بکات.

بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.