فەهمی بورهان: دۆخی ناوچەی ماددەی 140 ئاسایی نییە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "دۆخی ناوچەی ماددەی 140 لە ڕووی کۆمەڵایەتیی، سیاسی، ئابووری، ئەمنیی و سەربازییەوە ئاسایی نەبووەتەوە و پێویستە سەرژمێری تێدا دوا بخرایە.
یەکشەممە، 17ـی تشرینی 2024، فەهەمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو داواکارییە سەبارەت مەترسیی سەرژمێری و دواخستنی هەمان بوو، ئێستە چووەتە قۆناغێکی دیکەوە."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە دەڵیت: "وەکو دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە سەرەتاوە بەیاننامەیەکمان دەرکرد، کە تا ئەو کاتەی ماددەی 140 جێبەجێ دەکرێت، یاخود لانی کەم، هەندێک لە بنەماکانی ماددەی 140 جێبەجێ دەکرێت، سەرژمیری دوا بخرێت، بەڵام ئەم ئامانجەمان نەهاتە دی."
دەشڵێت: "ئێمە ناوچەگەلێکی زۆرمان هەیە بە پێی دەستوور، بە دەق ئاماژەی پێ دەکرێت، بڕگەیەک هەیە لەناو ماددەکەدا دەڵێت: ئەو ناوچانەی ئاسایی نەبووەتەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتیی، سیاسی، ئابووری، ئەمنیی و سەربازیی ئاسایی نییە، پێویستە سەرژمێری تێدا دوا بخرێت و نەکرێت تاکوو ئەو ماددانە جێبەجێ دەکرێن."
فەهمی بورهان ڕاشیگەیاند "دەبێت ئێمە کار بکەین بۆ ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت، یان ئەو دیوە ناڕوونەی کە هەیە، ئێمە هەستمان بە نیگەرانییەکان کردووە، بۆیە دەمانەوێت ئەم بۆشاییە کەم بکەینەوە. ئیستەش هەمان نیگەرانیی جارانمان هەیە بە پێچەوانەشەوە هەندێک حاڵەت زیادی کردووە. ئێمە ناڵێین ئەم سەرژمیرییەی دەکرێت بۆ دوو بەیانی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەوێت؛ ئێمە دەڵێن حکوومەتەکەی سوودانی حکوومەتێکی ئەرێنییە و پەیوەندییەکی تەندروستی هەبووە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قیادەی سیاسی کورد دا." باسی لەوەش کرد "ڕەنگە ئێمە ئەوە قبووڵ بکەین ئەم سەرژمێرییە لەناو حکوومەتەکەی سوودانی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نایەت، بەڵام بەستنەوەی کەرکووک و خانەقین و شنگال، بەکاتێکی دیاری کراوەوە، نۆرمالە، بۆیە نیگەرانییەکانی ئێمە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو یاخود 10 ساڵی داهاتووە."