رووماڵ

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم: کێشەی تەکنیکی تابلێتەکانمان چارە کردووە

چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێریی لە هەرێم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەی سەرژمێری لە 17ـی ئەم مانگەوە دەستی پێ کردووە و بۆ تۆمارکردنی خێزانەکان، هەوڵمانداوە زۆربەی ئەو خێزانانەی کە لە یەکەکانی نیشتەجێبوونن تۆمار بکەین بە شێوەیەکی ڕاست و دروست."

سیروان محەممەد باسی لەوەش کرد: "پرۆسەکە بەرەو قۆناغی دووەم دەڕوات، لە هەرێمی کوردستان توانیمان نزیکەی %90ـی خێزانەکان تۆمار بکەین، دوێنێ و پێرێ کێشەی تەکنیکی زۆر هەبوو لە تابلێتەکان، بەهۆی وشەی بەکارهێنەر، لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە هەبێت لەسەر تابلێتەکان کێشەی تێدابوو، توانیمان ئەو گرفتە لەگەڵ بەغدا چارە بکەین، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتە هەندێک خێزان ناویان تۆمار نەکراوە."

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕوونیشی کردەوە "ئەمڕۆ و سبەی سەرژمێرییەکە درێژەی پێ دەدرێت و تۆمارکردنەکان بەردەوام دەبێت؛ بژمێرەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دووبارە سەردانی خێزانەکان دەکەن، تاکوو هەر کێشەیەک لە هەر ئەندامێکی خێزنێک ڕووی دابێت لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، چاک بکرێتەوە و داتاکان تەواو بکرێت."

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە پرۆسەیەکی ڕاهێنانمان هەیە بۆ بژمێرەکان، بۆ فۆرمی سەرژمێری گەورە دەبێت پڕبکرێتەوە دوای ئەوە، تاکوو 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پرۆسەکە کۆتایی دێت."

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت.