رووماڵ

د. دارا ڕەشید: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ سەرژمێری

وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان تاکوو سەرژمێر بکرێن و بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس بکرێن.

چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی داتاو زانیاری ڕایگەیاند، بە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، توانیمان بە سەرکەوتووی بگەینە یەکەمە ڕۆژی سەرژمێری.

وەزیری پلاندانان دەڵێت: "سوپاسمان هەیە بۆ دەستەی ئامار و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و یەکە بەیەکەی دەستەی ئاماری کوردستان هەیە، کە توانیویانە بە بوێرانە و  بە ماوەیەکی کەم و کەمترین بودجە، زۆرترین کار بکەن".

دەشڵێت: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان زۆر دواتر لە دوای حکوومەتی فیدراڵییەوە بووین، بەهۆی کێشەی تابلێتەکان تاکوو گەیشتینە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو تابلێتانە".

دارا ڕەشید، ڕاشیگەیاند، "سوپاسی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەین، کە گەڕاونەتەوە شوێنی مێژووی باب و باپیرانیان، هیوادارین ئەوانەشی ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بۆ ئەوەی سەرژمێر بکرێن، چونکە ئەوەی لە 20 و 21ـی ئەم مانگە سەرژمێری دەکرێت بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس دەکرێن".

باسی لەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان زۆر لە مێژە چاوەڕێی سەرژمێری دانیشتووانە، چونکە ئەو سەرژمێرییە زۆر گرنگە. ئەو سەرژمێرییەش ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی دیاری دەکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چی دیکە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ و میزاجی سیاسییەکانی عێراقەوە  یاری پێ نەکرێت".

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت.