رووماڵ

لیوا عبدولخالق تەڵعەت: خەڵکێکی زۆر گەڕاوەتەوە زێدی خۆی

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری نەینەوا ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەکانی عێراقەوە 10 بۆ 20 یان 30 ساڵ جارێک سەرژمێری دەکرێت، بۆیە سەرژمێری بەتایبەت بۆ ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم زۆر گرنگە.

چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، لیوا عبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری نەینەوا و ڕۆژئاوای نەینەوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەخموور، ڕایگەیاند، خەڵکی پابەندە بە قەدەغەی هاتوچۆوە، چونکە هەندێک جار کێشە لە ناوی کەسە، یاخود لە شوێنی بۆ سەرژمێری  دروست دەبێت، سەرژمێری زۆر گرنگە هەر بۆیە هاووڵاتییانیش پابەندن بەم قەدەغەیەوە.

نوێنەری حکوومەت لە نەینەوا دەڵێت: "بەهۆی کێشەکانی عێراقەوە 10 بۆ 20 یان 30 ساڵ جارێک سەرژمێری دەکرێت، بۆیە بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ناو تۆمار کردن زۆر گرنگە، چونکە زۆرێک لە هاووڵاتییانی کورد زەوی و موڵکی هەیە لەو ناوچانە بۆیە باشترە پابەند بن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها ئەم سەرژمێرییە لە داهاتوودا سوودی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەبێت.

دەشڵێت: "خەڵکێکی زۆر گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، ئەوەشی نەگەڕاوەتەوە قایمقامی مەخموور دەتوانێت ئەو کێشانە با ئاسانی چارە بکات، بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بکات، ئەو شوێنانەی کە کەسیشی تێدا نەماوە تیم دەڕوات و خەڵکیش گەڕاوەتەوە لە ڕووی ئەمنییشەوە هەموو گرفتێک چارەکراوە".

لیوا عبەدولخالق ڕاشیگەیاند: "دروست بوونی لیوا هاوبەشەکان، وەکو ئەزموونێک بوو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەتوانم بڵێم سەرکەوتوو بوو ئەو دوو لیوایە کە دامەزرا بە هاوبەشی ئێستە شوێنەکانی خۆیان گرتووە و کارەکانیان بە ڕێک و پێکی دەڕوات".

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت.