رووماڵ

سەرژمێری ڕێژەی هەژاری و بێکاریی ئاشکرا دەکات

هاووڵاتییانی بەغدا بە پەرۆشەوە بەشداریی لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا دەکەن و دەڵێن: "سەرژمێریی ڕێژەی هەژاری و بێکاریی ئاشکرا دەکات و هیواخوازین لە دووبارە دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی سامانەکان بەکار بهێنرێت." 

لە شاری سەدر، زیاتر لە 1460 بژمێر ناوی هاووڵاتیان تۆمار دەکەن، سەرپەشتی تیمی بژمێرانی شارەکەیش دەڵێت: "پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت."

حوسەین عەلی، سەرپەرشتی سەرژمێریی شاری سەدر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لە پڕۆسەی سەرژمێریی لە شاری یەک و دووی سەدر بەردەوامین، زیاتر لە 1460 بژمێر لە سەرجەم گەڕەکانی شار خەریکی تۆمارکردنی زانیارییەکانن، کارەکان باشن و سوپاسی هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە و ئیدارەی خۆجێی دەکەین."

هاووڵاتییان هیواخوازن سەرژمێریی ببێتە بنەمای دابەشکردنی دادپەروەریی سەرچاوەکان و بە پشت بەستن بە ئامار و زانیاریی ورد، حکوومەت پلانی گەشپێدانی باشتر بۆ داهاتوو دابنێت و سوودی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەبێت. 

نزار عەبدولحەسەن، هاووڵاتی دەڵێت: "ئەم سەرژمێرییە بۆ کۆمەڵگە زۆر گرنگە، چونکە ڕێژەی درووستی هەژاری و بێکاریی ئاشکرا دەکات، دەمێکە چاوەڕێی هەنگاوێکی لەم شێوەیەین."

دوا سەرژمێریی گشتی بۆ ساڵی 1987 دەگەڕێتەوە، لەو ساڵەوە عێراق پلانەکانی بە پشتبەستن بە ئامارە مەزندەییەکان داڕشتووە و ئێستە حکوومەت هیواخوازە ئەم سەرژمێرییە ببێتە وەرچەرخانێک و نەخشە ڕیگەی داهاتوویەکی باشتر.

دوێنی چوارشەممە، 20-11-2024، کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 12ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت. 

لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا، زیاتر لە 130 هەزار بژمێر بەشدار دەبن و 77 پرسیاری تایبەت بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان دەکەن.