لە هەولێر سەدا 80ی پرۆسەی تۆمارکردنی سەرژمێری تەواو بووە

بەڕێوەبەری تەکنیکی ئاماری هەولێر ڕایگەیاند "ڕیژەی تۆمارکردنی سەرژمێری لە دوێنێوە تاوەکوو ئێستە، بریتییە لە %80، ئاماری ئەمڕۆشمان بەرەو کۆتایی دەڕۆین بۆ ئەوەی بگاتە ڕێژەی %100."
پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیبراهیم مەلا ڕەحمان، بەڕێوەبەری تەکنیکی ئاماری هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕێژەی بەشداربوون دەبێت لە %100 بێت بەڵام ڕیژەی جێبەجێکردن لە دوێنێ شەوەوە تاکوو ئێستە، گەیشتووەتە %80، ئاماری ئەمڕۆشمان بەرەو کۆتایی دەڕۆین بۆ ئەوەی بگاتە ڕێژەی %100."
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "ئەگەر باسی گەڕەکەکان بکەین دەبێت ڕیژەی تۆمارکردنی هەموو گەڕەکەکان بگاتە %100، بەڵام هەندێک گەڕەک فراوانترە لەوەی پێشبینیمان کردبوو، بژمێری دیکەمان دابین کردووە و بۆمان ناردوون ئەوانیش دەبێت هەر ئەمڕۆ تەواو بکرێن."
دەشڵێت: "ڕێژەکانیش لە سەر ئاستی پارێزگا و شار و شارۆچکە وەردەگرین، لەو بارەشەوە ڕەچاوی ئەوەمان کردووە کە زۆربەی دانیشتووانی دەشتی هەولێر خەڵکی کەرکووک و مەخموور و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و داوایان کرد لەوێ ناویان تۆمار بکرێت، هەر بۆیە ئاراستەکان وابوو بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوەمان دانا ئەگەر نەتوانن بگەڕێنەوە، لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ناویان تۆمار بکرێت، تاکوو مافیان نەفەوتێت،"
ئیبراهیم مەلا ڕەحمان ڕاشیگەیاند: "کێشەی تابلێتەکان بچووکن و لەبەرامبەر قەبارەی گەورەی پرۆسەکە کێشەکان ئەوتۆ نین باس بکرێن، ئەوەشی هەبووە بەهیمەتی تیمی تەکنیکی هونەری تابلێتەکان توانراوە بەسەر هەموو کێشەکاندا زاڵ بین، پرۆسەکەش گەورەیە و نزیکەی 10 هەزار کەس بە بژمێر و هاوکاری بەڕێوەبەرەوە بەشدارن و پرۆسەکەش بە باشیش بەڕێوە دەڕوات."